گۆڤاری "زە دەیلی سینگاڵ"ی ئەمریکی: ترەمپ کۆتایی بە "سیندرۆمی عێراق" هێنا و بەهێز توانای ئەمریکای دەرخستەوە

جیهان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 402 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤاری "زە دەیلی سیگناڵ"ی ئەمریکی لەراپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە کردەوەکانی ئەم دواییەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ڤەنزوێلا و ئێران کۆتایی بە "سیندرۆمی عێراق" هێنا، کە جۆرە ترسێکی ئیفلیجکەر بوو بۆ ماوەی 20 ساڵ ڕێگری لە دەستێوەردانی دەرەکی ئەمریکا دەکرد.

 
گۆڤارەکە لەراپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدەکات کە ئەم سیندرۆمە لە دوای شکستی شەڕی ڤێتنامەوە سەری هەڵدا و وای لە دەستەبژێری سیاسیی کردبوو وا بیر بکەنەوە کە هەر بەکارهێنانێکی هێز دەبێتە هۆی چەقین لە زەلکاوێکی بێ کۆتاییدا.، دەشڵێت هەرچەندە ڕوناڵد ڕیگان لە ساڵانی 1980دا توانی ئەو ترسە بشکێنێت، بەڵام شەڕەکانی ئەفغانستان و عێراق دووبارە ئەو دۆخە دەروونییەیان لەژێر ناوی "سیندرۆمی عێراق" زیندوو کردەوە.

ئەوەش هاتووە:  سیاسەتەکانی ئۆباما و بایدن ڕەنگدانەوەی ئەم پاشەکشەیە بوون کە بووە هۆی بەهێزبوونی داعش و ئێران و ڕووسیا، بەڵام ترەمپ لە ڕێگەی "دکتۆرینی ترەمپ"ەوە ئەم هاوکێشەیەی گۆڕی، جەختیشی کردۆتەوە کە ئەم ستراتیژە پشت بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەکارهێنانی هەڕەشەی ڕاشکاو دەبەستێت.

هەروەک دەڵێت: هێرشە ئاسمانییەکانی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە 22ی حوزەیرانی 2025 و گۆڕینی دەسەڵاتی مادورۆ لە ڤەنزوێلا، سەلماندیان کە ئەمریکا دەتوانێت بەبێ تێوەگلان لە شەڕی درێژخایەن، هێزی خۆی نیشان بدات.

لەکۆتاییدا هاتووە:  ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە دەنگدەرانی ترەمپ بۆ گەڕانەوەی گەورەیی ئەمریکا چاوەڕێیان دەکرد، چونکە ئێستا نەیارانی ئەمریکا دەزانن کە هەر کارێکیان سزای توندی بەدواوە دەبێت و سەردەمی ترس و پاشەکشەی واشنتۆن کۆتایی هاتووە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی