ترەمپ پلان بۆ هێرشکردنەسەر ئێران دادەنێت

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 735 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاشكرایكردوە، سەرۆكی ئەمریكا بیر لەوە دەکاتەوە مۆڵەت بدات بەهێرشکردنە سەر ئێران، بۆ ئەوەش داوای ڕاوبۆچونی کردوە سەبارەت بەئامانجە سەربازییەکان و بژاردە ئابورییەکان.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لەزاری بەرپرسێکی کۆشکی سپی بڵاویکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، بیر لەوە دەکاتەوە مۆڵەت بدات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و بۆ ئەوەش داوای ڕای دامەزراوە حكومییەكانی كردوە.

بەرپرسەكەی كۆشكی سپی ئەوەشی ئاشكراكردوە،"یەکێک لەبژاردەکانی ترەمپ سەبارەت بەئێران ناردنی ئامێرەکانە بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی ستارلینک".

هەمان بەرپرس كەناوەكەی ئاشكرانەكراوە، وتوشیەتی،" ئیدارەی ترەمپ داوای ڕای لەدەزگاکانی حکومەت کردوە سەبارەت بەوەڵامدانەوەی سنوردار بۆ بارودۆخی ئێران".

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر سەرۆكی ئەمریكا هۆشدارییەکی توندی دایە دەسەڵاتدارانی ئێران و ڕایگەیاند، ئەگەر دەست بەکوشتنی خۆپێشاندەران بکەن، ئەوا ئەمریکا زۆر بەتوندی لێیان دەدات.

لەبەرامبەردا عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامی دایەوەو وتی،"ئێران ملکەچ نابێت و باشترە ترەمپ خەریکی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی خۆی بێت".