شارپرێس:
دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ داوایەکی ئێرانی بۆ گواستنەوەی
شوێنی دانوستانەکەیان لە تورکیاوە بو عومان رەتکردەوە، چەند سەرکردەیەکی رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست پەیوەندییان بە دۆناڵد ترەمپ کرد و لە بڕیاری کشانەوە لە گفتوگۆکان
پاشگەزیان کردەوە.
دوو بەرپرسی ئەمریکی بە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"یان راگەیاندووە،
پلانەکانی دانوستانی ئەتۆمی نێوان ئەمریکاو ئێران زیندوکرانەوە، دوای ئەوەی چەند سەرکردەیەکی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەپەلە پەیوەندییان بە ترەمپ کرد، بۆ رێگەگرتن
لە جێبەجێكردنی هەڕەشەکانی بە کشانەوە لە دانوستانەكان.
ئەوەشخراوەتەڕوو، دۆناڵد ترەمپ رازی بوە کە دانوستانەکان
لەشاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەبچن، وەک ئێران پێداگری لەسەر کردبوو.
ئەو دوو بەرپرسە ئەمریکییە باسیان لەوەکرد، لانیکەم نۆ وڵاتی
ناوچەکە لە بەرزترین ئاستدا پەیوەندییان بە کۆشکی سپییەوە کردو بە چڕی داوایان لە ئەمریکا
کرد کە دانوستانەکان هەڵنەوەشێنێتەوە، چونکە رەنگە ئەوکات ترەمپ پەنای بۆ کردەوەی سەربازی
ببردایە و مەترسی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستدەکرد.