مه‌زڵوم عه‌بدى دێته‌ هه‌رێم‌و له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا كۆده‌بێته‌وه‌

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5337 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵى ڕۆژئاواى كوردستان، ئێواره‌ى ئەمڕۆ لەشارى هەولێر، کۆبونەوەیەک لەنێوان ژەنڕاڵ مەزڵوم عەبدی فه‌رمانده‌ى گشتیى هه‌سه‌ده‌و ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.


به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵى ڕۆژئاواى كوردستان، مه‌زڵوم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ ده‌گاته‌ هه‌رێمى كوردستان‌و مه‌به‌ستى سه‌ره‌كى سه‌ردانه‌كه‌شى، كۆبونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا.

لاى خۆیشیه‌وه‌ باسکال کونفاڤرۆ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاشكرایكردوه‌، ئەمڕۆ ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەشتێك بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست دەستپێدەکات.

وه‌كو ئاماژه‌ى پێكردوه‌، بارۆ گەشتێکی دیپلۆماسی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات‌و بڕیارە لەو چوارچێوەیەدا سەردانی هەریەکە لەسوریا، عێراق‌و هەرێمی کوردستان بکات، بەمەبەستی تاووتوێکردنی ڕێککەوتنی هەسەدەو دیمەشق‌و پرسی چەکدارە فەرەنسییەکانی ناو داعش كه‌ ئێستا له‌گرتوخانه‌كانى ژێر كۆنترۆڵى هه‌سه‌ده‌و حكومه‌تى سوریادان.

جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "لەوێستگەی یەکەمدا لەدیمەشق لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا کۆدەبێتەوە‌و دوایین ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و دیمەشق تاووتوێدەکەن".

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، "بارۆ، دوای دیمەشق سەردانی بەغدا دەکات‌و لەگەڵ سەرۆک وەزیران‌و وەزیری دەرەوەی عێراقیش کۆدەبێتەوە".

به‌وته‌ى کونفاڤرۆ، "یەکێک له‌و پرسانه‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا له‌کۆبونەوەی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى بەغدا گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ ده‌كات، پرسی ئەو چەکدارە فەرەنسییانەی ناو داعشە کە بەمدواییە لەسوریاوە گواستراونەتەوە بۆ زیندانەکانی عێراق، دوای کۆتاییهاتنی دیدارەکانی لەبەغدا، بارۆ سەردانی هەولێر دەکات‌و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانیش کۆدەبێتەوە".

پێشتریش، جان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەبارەت بەگەشتەكه‌ى بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ڕایگەیاندبوو، "فەرەنسا لەگەڵ هاوبەشەکانیدا، جێبەجێکردنی دوایین ڕێککەوتنی نێوان هەسەدەو حکومەتی دیمەشق تاووتوێدەکات‌و دوای سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان لەسوریا، پاریس لەگشت ئاستەکاندا هەوڵیداوە ڕێگریی لەپەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان بگرێت‌و مافە ئەمنی‌و سیاسییەکانی کورد لەو وڵاتەدا بپارێزرێت".

هه‌روه‌ك لاى خۆیشیه‌وه‌ مه‌زڵوم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتیى هه‌سه‌ده‌ ڕایگه‌یاندبوو، "زۆرترین په‌یوه‌ندیى له‌لایه‌ن ئیمانوێڵ ماكرۆن سه‌رۆك وه‌زیرانى فه‌ره‌نساوه‌ پێگه‌یشتوه‌و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵیدا له‌سه‌ر هێڵ بوه‌و زۆرترین فشاریشى له‌سه‌ر حكومه‌تى دیمه‌شق دروستكردوه‌ بۆ پارێزگاریكردن له‌مافه‌كانى گه‌لى كورد له‌سوریا".

بەپەلە