شارپرێس:
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئیمارات دەڵێت، ماوەیەکی زۆرە پەیوەندیی بازرگانی و ئابووریی بەهێز لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیماراتدا هەیە کە لەسەر بنەمای متمانە دروست بووە و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەوپێش دەچێت.
مەسرور بارزانی بەمیدیای نزیک لە پارتی ڕاگەیاند، بوونی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی هەردوولا لە بازاڕەکانی یەکتردا، هۆکارێکی سەرەکیی بەهێزبوونی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ئیمارات تێڕوانینێکی هاوبەشمان بۆ زۆربەی پرسە هەنووکەییەکانی ناوچەکە هەیە و بەردەوام ڕاوێژ بە یەکدی دەکەین بۆ پاراستنی سەقامگیری و سەرکەوتن بەسەر قەیرانەکاندا.
لەبارەی لووتکەی حکوومەتەکان لە دوبەی، مەسرور بارزانی دەڵێت، ئەم لووتکانە دەرفەتن بۆ کۆبوونەوەی سەرکردە و بازرگانان و ئاڵوگۆڕی دیدگا سیاسییەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی قەیرانەکان.
دەشڵێت، ئەم لووتکەیە دەرفەتێکە بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکردە ئابوورییەکانی جیهان و خۆشبەختانە هەرێمی کوردستان وەک ئەزموونێکی سەرکەوتوو سەیر دەکرێت و زۆرێک لە وڵاتان خوازیارن لێکۆڵینەوە لەم ئەزموونە بکەن، چونکە پێیان وایە دەرفەتی باش لە هەرێم ڕەخساوە.