سەردار عەزیز:
باراک خەریکە دەچێتە ڕیزی
ئەو کەسایەتیە زۆرانەی کە ڕۆژئاواوە هاتن و چارەنوسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گۆڕی،
کەسانی وەک گێرچوارد بڵ، مارک سایکس، لۆرانس و ئەوانی تر.
خوێندنەوەی تۆم باراک
ئاسان و ئاڵۆزە لە هەمانکاتدا. تۆم خوێندنەوەی ئاسانە چونکە خاوەن دیدێکی قوڵ نیە.
بەڵام ئاڵۆزە، چونکە خاوەن دیدی چەسپیو نیە، بەڵکو لە کاتێکدا باس لە ڕوانگەیەک دەکات
لە هەمانکاتدا باس لە دژەکەی دەکات.
بۆ نمونە جەختکردنەوە
لە حکومەتی ناوەندی و زاڵبون بە سەر خاکی وڵاتدا درێژەدانە بەو مۆدێلەی کە لە سایکس
پیکۆوە، سەر هەڵدەدا. لە ڕاستیدا سایکس پیکۆ هیچ پەیوەندی بە نەخشە و سروشتی وڵاتانی
ناوچەکەوە نیە، بەڵکو یەکێکە لە پلانەکان لە نێوان چەندین پلانی تردا، بەڵام سەرباری ئەمە هەوڵدەدەین دیدی ئەو بە شێوەیەکی گشتی ڕون بکەینەوە.
تۆم باراک، پاشخانی
دونیای سیاسەت نیە، هەروەها خاوەن پاشخانی فیکری سیاسی نیە، بۆیە تێگەیشتنەکانی لە
ئەزمونی زۆری خۆیەوە لە ناوچەکە و هەروەها لە ئەمریکاوە سەرچاوە دەگرێت.
چەمکی یەکەم بۆ تێگەیشتن
لە تۆم باراک، چەمکی خێڵە. بەلای باراکەوە، یەکەی سەرەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە
ناوچەکە خێڵە. بۆیە بەلای ئەوەوە هیچ کام لە بەها ڕۆژئاواییەکانی تر وەک نەتەوە، کۆمەڵگا،
مەدەنیەت، دەزگا بونی نیە.
خێڵ وەک یەکەیەکی نەگۆڕ
ئاشتی نازانێت، ناتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت، بۆیە پێویستە کەسی بەهێز لە سیاسەتدا هەبێت
هەتا بە سەریاندا زاڵ بێت، ئەگینا پشێوی دروست دەبێت.
لەم ڕوەوە دژ بە هەموو
جۆرە حوکمێکی ناناوەندی و دیموکراسی و ئازادییە. هەروەها دژ بە هەموو هەوڵەکانی ڕۆژئاوایە
لەم ڕوەوە.
بەهایەکی تر کە زۆر
ئاماژەی پێدەدات بازرگانییە.
ئەگەر هەموو ئەمانە پێکەوە
کۆبکەینەوە، ئەوا بڕوای وەهایە کە ناوچەکە نەگۆرە، خێڵ یەکەی نەگۆڕی سەرەکیە، ئەم
خێڵانە دەبێت کەسی بەهێز لە ناوەندەوە حوکمیان بکات، بە ئامانجی پەرەدان بە
بازرگانی. ئەمە تەنها ڕێگای سەقامگیرییە لە ناوچەکە.
لە سەر ئەم بنەمایە دەڵێت
ئێمە دەستوەردان ناکەین لە ناوچەکە، بەڵکو بۆ خەڵکانی ناوچەکە خۆیان جێدەهێڵین.
ڕەخنە لە باراک
دیدی باراک، دیدی ناوچەکە
و خەڵکەکەی نیە، بەڵکو دیدی ئەو نوخبە خەلیجییەیە کە ئەو نزیکە لێیانەوە و نوێنەرایەتیان
دەکات. لای ئەو خەڵکی سادە یان هاوڵاتی هیچ پێگەیەکی نیە، تەنانەت خاوەن عەقڵ و
ئاگایی مۆدێرنیش نین. بۆیە ناکرێت باس لە دیموکراسی و خۆبەڕێوەبەری و ئەم بوارانە
بکرێت.
باراک مۆدێلی ئیمپراتۆریەتی
عوسمانی زۆر پێگونجاوە. بەوەی کە دەبێت خەڵک لە یەک ناوەندەوە حوکم بکرێن و بڕیاریان
لە بڕ بدرێت.
کە دێتە سەر جیوپۆلەتیک
باراک نوێنەری دیدی کەنداویی-ئەردۆگانیە. کە سەربارەی بەرژەوەندی لە سەر مۆدێلی
حوکمی شەخس، نەک دەزگا کۆکە. مۆدێلی شەخس، لە ترەمپ و ئەم شەپۆلەی ڕاستڕەوە. بەوەی
کە کار بە خێرایی دەڕوات و بڕیار بە زووی دەدرێت و پێویست ناکات خەڵکی ئاسایی ببن
بەبەشێک لە بڕیاڕ و حوکمداریی.
باراک وەها دەزانێت دەزانێت.
هەروەها لە گەڵ نوخبەی حوکمڕانی ناوچەکەدا بە گشتی تەبایە.