نەعیم قاسم: ئێران شکست بەئەمەریکا دەهێنێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 724 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
ئەمڕۆ سێشەممە نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا دووپاتی کردەوە کە ئێران شکست بە ئەمەریکا دەهێنێت و ئاماژەی بەوەدا کە قۆناغی ئێستا  بەرگریکردن لە خاک و بوون و تەواوکردنی پرۆسەی ڕزگاریخوازییە.

نەعیم قاسم لە وتارێکیدا ڕایگەیاند، داگیرکەران هەوڵدەدەن ژینگەیەک دروست بکەن بە مەبەستی ترساندن و ناچارکردنی ملکەچبوون. ڕوونیشی کردەوە کە قسەکردن لەسەر چەکدانانی حزبوڵڵا تەنیا بیانوویەکە، لەکاتێکدا ئامانجی ڕاستەقینە نەهێشتنی بوون و ناسنامەی گەلی لوبنانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکانی ئیسرائیل گروپێکی دیاریکراو ناکاتە ئامانج، بەڵکو هێرشکردنە سەر هەموو میللەتەکە پێکدەهێنێت، داوا لە هەموو لوبنانییەکان دەکات ڕووبەڕووی ببنەوە.

دەشڵێت، ئەوانەی لەگەڵ دوژمن وەستاون بۆ پاڵنانی لوبنانییەکان بەرەو تەسلیمبوون، لە ڕوانگەیەکی نیشتمانپەروەرانە مامەڵە ناکەن، جەختیشی لەسەر ئامادەیی کردەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی بەرپەرچدانەوەی ئەو دەستدرێژییە لەگەڵ هەموو ئەوانەی هاوبەشی ئەم بۆچوونەن.

قاسم بۆ بەرپرسانی لوبنان داوای ڕوونکردنەوەی دۆخی ڕاستەقینەی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و ڕوونیکردەوە کە مەحاڵە فشار بخرێتە سەر ئەو میللەتە کە قوربانییەکی گەورەیان داوە.