شۆڕش دەروێش: سەرکەوتنی ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق پەیوەستە بەگەرەنتی ئەمەریکاوە

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 230 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ کەنداڵ جودی

شۆڕش دەروێش توێژەری کورد ڕایدەگەیەنێت، ئاستی سەرکەوتنی ڕێککەوتنی 18ی کانونی دووەمی نێوان هێزەکانی (هەسەدە) و دیمەشق دەگەڕێتەوە بۆ جددیەتی دیمەشق و گەرەنتی ئەمەریکا. لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "دەبێت ئەو یەکگرتووییەی کورد پارێزراو بێت و کۆنگرەش لەو چوارچێوەیەدا ببەسترێت".

لە ١٨ی مانگی ڕابردوو ڕێککەوتنێک لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و دیمەشق سەبارەت بە یەکگرتنی سەربازی و ئیداری واژۆ کرا. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، هەسەدە پارێزگاری حەسەکەی دیاری کرد. 

تا ئێستا دوو خاڵی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کراون، ئەوانیش دانانی پارێزگاری حەسەکە، نورەدین ئەحمەد عیسا، لەلایەن هێزەکانی (هەسەدە) و هاتنی هێزە ئەمنییەکانی دیمەشق بۆ حەسەکە و کۆبانێ و قامیشلۆ، بۆ ئەوەی هێزی ئاسایش لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی دیمەشقدا یەکبخرێت. 

زۆر لایەن لەم ڕێککەوتنە ڕازی نین و دەڵێن دیمەشق جارێکی تر ئەم ڕێککەوتنە لەناو دەبات، هەروەک چۆن ڕێککەوتنی ١٠ی ئاداری لەناوبرد. 

سەبارەت بەو پرسە، نووسەر و لێکۆڵەری کورد، شۆڕش دەروێش  سەرنجی بۆ ڕێککەوتنی ئەمنی و ئیداریی نێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی هەسەدە ڕاکێشا و ڕایگەیاند، گرنگ ئەوەیە ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی ئاشتیانە جێبەجێ بکرێت.

 لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەگەر لایەنە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ بکرێن، ئەوا دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەریش دەچنە پاڵ دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سوریاو 13 خاڵ سەبارەت بە مافەکانی کورد جێبەجێ دەکرێن”. 

 ئایا چانسی سەرکەوتن یان شکستی ئەم ڕێککەوتنە زیاترە، دەروێش وتی: "ئەمە پێوەستە بۆ جددیەتی دیمەشق و توانای گەرەنتی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. لە هەمان کاتدا پێویستە هێزەکانی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر توانای درێژەدان بە چالاکییەکانیان هەبێت بەپێی بارودۆخە نوێیەکە". 

ڕێککەوتنەکە بە ڕوونی لە نێوان هێزەکانی هەسەدەو دیمەشق ڕاگەیەندرا، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئەم ڕێککەوتنە دەچێتە دەستوورەوە؟ 
سەبارەت بەم پرسە، شۆڕش دەرویش هەروەها وتی: لە سەرەتای خولەکانی دانوستانی نێوان هێزەکانی هەسەدە و دیمەشق، دیمەشق هەمیشە ئامادە نەبوو باسی پرسە سیاسییەکان بکات. بەڵام ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی، بەڵێنی دا لە داهاتوودا بڕیاری 13 خاڵیەکە بخاتە نێو دەستوورەوە، ئەمانەش پرسێکی گرنگن بۆ بزووتنەوەی سیاسی کورد، کە دەبێت بە ڕوونی داخوازییەکانی کورد بخاتەڕوو.

یەکڕیزی کورد لە دەوری ڕۆژاڤا کوردستان
دوای هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا، یەکگرتوویی کوردی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دروست بوو، ئەمەش گوشارەکانی سەر دیمەشق و ئەو دەوڵەتانەی پاڵپشتی دەکەن زیاتر نیشاندا.

 سەبارەت بەگرنگی یەکگرتوویی کورد و  پاڵپشتی باشووری کوردستان بۆ ڕۆژاڤا، دەروێش دەڵێت: "دۆخی پشتیوانی له ڕۆژاڤای کوردستان له ڕاستیدا بۆ یەکەم جاره وا به گەورە ڕوودەدات، و گەلی کورد دەتوانێت به دەنگ بێت و هەڵوێستی خۆی بەرامبەر به جینۆساید و شەڕی دژ به کورد دەرببڕێت. ناتوانین ڕۆڵی پارت و میدیای کوردی له ناوچه ی کورددا پشتگوێ بخەین لە پشتیوانیکردن لە دۆزی ڕۆژئاوای کوردستان. گرنگ ئەوەیە ئەم حاڵەتەی یەکگرتوویی کورد بپارێزرێت و لەم چوارچێوەیەشدا کۆنگرەی هاوبەش ببەسترێت و پەیوەندییەکان پتەوتر بکرێن".