شارپرێس:
جێگری بەڕێوەبەری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەپارێزگای حەسەکە ژماره‌ى ئه‌و هێزانه‌ى سوریا ئاشكراده‌كات كه ئێستا لهڕۆژئاواى كوردستان له(حه‌سه‌كه‌و قامیشلۆ) جێگیربون، ده‌شڵێت، "ئیدى ده‌بێت قۆناغى سێیەمى ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ دیمه‌شق بچێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه كه ئاڵوگۆڕی دیل‌و کشانەوەی هێزە سەربازییەکان‌و شكاندنى گه‌مارۆى سه‌رۆ كۆبانێیه".
سیامەند عەفرین جێگری بەڕێوەبەری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەپارێزگای حەسەکە ئاشكرایكرد، "شاری کۆبانێ ئه‌مڕۆ زیاتر له16 ڕۆژە لەژێر گەمارۆیەکی سەختدایە، کێشەی تەندروستی، پێویستی خۆراک، سوتەمەنی‌و زۆر پێویستی دیكه‌یش تا دێت قوڵتر دەبێتەوە، تائێستاش گەیاندنی هاوکارییەکان لەسەر سنوری باکوری کوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه ڕێگرییان لێدەکرێت".
به‌وته‌ى سیامەند عەفرین، "قۆناغی یەکەمى ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ دیمه‌شق وەستاندنی شه‌ڕو توندوتیژییه‌كان بوو، دوەم: هاتنە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکانی سەر بەحکومەتی سوریا بوو بۆ ناو حەسەکەو قامیشلۆ، کە ئێستا 90 چه‌كدارى هێزەکانی ناوخۆى دیمەشق لەقامیشلۆو 100 چه‌كدارى دیكه‌یش لەحەسەکە جێگیرکراون".
جه‌ختیشیكرده‌وه، "ئێستا له‌قۆناغی سێیەمى ڕێكهوتنداین ئه‌ویش بریتیه له‌ئاڵوگۆڕی دیل‌و کشانەوەی هێزە سەربازییەکان‌و هاوكات شكاندنى گەمارۆی سه‌ر شارى کۆبانێیه".
ئه‌وه‌شى وت، "قۆناغى یهكهمو دوه‌م به‌باشى به‌ڕێوه‌چوه‌و ئومێد ده‌كه‌ین قۆناغى سێیهمو هه‌نگاوه‌كانى دواتریش وه‌ك خۆیان بچنه پێشه‌وه‌و ئه‌و ڕێكهوتنهى له‌ئارادایه به‌رده‌وامبێت، تائێستاش ئه‌و پلانانه‌ى دانرابون بهڕێكوپێكى چونه‌ته پێشه‌وه".
