شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی
"هائارتس" ئاشکرای کردووە کە بنیامین نەتەنیاهۆ لە کۆبوونەوەی رۆژی
چوارشەممەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە واشنتۆن، ئامادەیی نیشان دەدات بۆ نەرمیی نواندن
لە دۆسیەی کەرتی غەزە لە بەرامبەر بەدەستهێنانی پشتگیریی تەواوی ئەمریکا بۆ هێرشێکی
ستراتیژیی دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
رۆژنامەکە
ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەم رێککەوتنە کە بە "سەودای بەرژەوەندییە گەورەکان"
ناوزەند کراوە، پشت بە پلانە 20 خاڵییەکەی ترەمپ دەبەستێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و
کاراکردنی قۆناغی دووەمی بەڕێوەبردنی غەزە لە ڕێگەی "ئەنجومەنی ئاشتی نێودەوڵەتی".
ئەوەش
هاتووە: نەتەنیاهۆ هەوڵ دەدات گەرەنتی ئەمنیی وەربگرێت سەبارەت بەو هێزانەی لە
چوارچێوەی ئەم ئەنجومەنەدا کار دەکەن و بە توندی دژی بەشداریی سەربازی یان کارگێڕیی
تورکیا و قەتەرە، چونکە بە نزیک لە حەماسیان دەزانێت.
لەلایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی فشار دەکات بۆ دەستپێکردنی
خێرای کۆکردنەوەی دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەزە و بەستنەوەی بە پێشکەوتنی سیاسی.
ئەم جووڵانە لە کاتێکدایە کە سەرکردە سەربازییەکانی
ئیسرائیل هۆشداریی دەدەن لەوەی بەردەوامیی بۆشایی دەسەڵات لە غەزە دەبێتە هۆی داڕمانی
لێکتێگەیشتنەکان و سەرکەوتنی پڕۆژەکەی ترەمپ بە تاقە ڕێگە دەبینن بۆ ڕزگاربوون لە
جەنگی درێژخایەن.