شارپرێس:
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕگەیەکی یاسایی دامەزراوەی شەهیدانی هەڵوەشاندەوە، كەیاساکە رێگەی دەدا بەکەسوکاری شەهیدان لەوەزارەتە ئەمنییەکاندا لەخزمەتی سەربازییەوە بچنە سەر میلاکی مەدەنی.
دانیشتنی تایبەتی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر ئەو سکاڵایەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بوو.
بەگوێرەی بڕیاری دادگاكە، بڕگەیەکی مادەی 17ی هەمواری یاسای دامەزراوەی شەهیدانی عێراقی هەڵوەشاندەوە.
ئەو بڕگەیە لەهەمواری یاسای دامەزراوەکە ساڵی 2024 لەپەرلەمانی عێراق زیاد کرابوو، کە وەزارەتەکانی ناوخۆو بەرگری و دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای بەرەنگاربونەوەی تیرۆری ناچار دەکرد کەسوکاری شەهیدان کە بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بەرەو سەرەوەیان هەیە، لەمیلاکی سەربازیی ئەو وەزارەت و دەزگایانەوە بگوازرێنەوە سەر میلاکی مەدەنی لەهەمان شوێن.