شارپرێس زانیاری نوێ لەبارەی دۆخی مەترسیداری کۆبانێ ئاشکرا دەکات

ڕاپۆرت

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 284 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس: کەنداڵ جودی

ڕۆژنامەنووس مستەفا عەلی لەکۆبانێ ڕایگەیاند کە تا ئێستا گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵنەگیراوە و شیری منداڵی ساواش لەبەردەستدا نەماوە لەنێو بازاڕەکاندا.

لەدوای نزیکەی سێ هەفتە لەگەمارۆی چەکدارەکانی دیمەشق و تورکیا، دۆخێکی مرۆیی مەترسیدار لە کۆبانێ سەریهەڵداوە، کە نزیکەی ٢٠٠ خێزانی ئاوارە لەوێ نیشتەجێ بوون.

ماوەیەکە حکومەتی دیمەشق گەمارۆیەکی قورسی بەسەر کۆبانێدا سەپاندووە و ڕێگری لە تێپەڕبوونی خواردن و خواردنەوە و دەرمان و سووتەمەنی دەکات. 

لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەنووسی کورد مستەفا عەلی لە ناوەندی کۆبانێ، دوایین دۆخی کۆبانێ و گەمارۆدانی بۆ شارپرێس خستەڕوو.

مستەفا ڕایگەیاند کە سێ هەفتە تێپەڕیوە بەسەر گەمارۆیەکی سەختی حکومەتی دیمەشق بەسەر کۆبانێ و لە ئەنجامدا دۆخێکی سەختی مرۆیی هاتۆتە ئاراوە. 

عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، 150 بۆ 200 خێزان لە گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێ و ڕەققەوە کۆچیان کردووە بۆ شاری کۆبانێ.

 لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "ئەو کۆچبەرانەی هاتوونەتە کۆبانێ لە قوتابخانە و مزگەوت و ئۆتۆمبێلەکانیان دەمێننەوە و بارودۆخیان زۆر خراپە و پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی بەپەلە هەیە". 

سەبارەت بە نەبوونی کەلوپەلی سەرەتایی لە بازاڕی کۆبانێ، ڕۆژنامەنووس مستەفا عەلی ڕونیکردەوە: "یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان کە لە ئێستادا لە کۆبانێ هەیە، نەبوونی شیری منداڵە، لە هەمان کاتدا چەندین جۆری دەرمان و ئۆکسجین بەردەست نین، جگە لەوەش کارەبا و ئاو و ئینتەرنێت لە کۆبانێ پچڕاوە". 

سەبارەت بەو هاوکارییانەی کە پێشتر لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گەیشتوونەتە کۆبانێ، مستەفا عەلی ڕایگەیاند کە هاوکارییەکان زۆر سنووردارە و لەسەدا 15ی پێداویستییەکانی ئەو ئاوارانەی کە گەیشتوونەتە کۆبانێ دابین نەکردووە،  "زۆرجار سەردانی ئاوارەکانم کردووە و بەڕاستی دۆخیان زۆر سەختە، داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەکەین دەستوەردان بکەن، چونکە دۆخەکە خراپتر و خراپتر دەبێت".
سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئاسایشی گشتی سەر بە دیمەشق لە شاری کۆبانێ، ڕۆژنامەنووس مستەفا عەلی ڕایگەیاند کە هیچ ئامادەبوونێکیان لە ناوەندی شاری کۆبانێ نییە، بەڵام بە هاوکاری و هەماهەنگیی هێزەکانی ئاسایش سەر بە ئیدارەی خۆسەر، هێزەکانی دیمەشق لە شارۆچکەی شێخلەری ڕۆژئاوای کۆبانێ جێگیر بوون.
عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیار دراوە کە هێزەکانی سەر بە دیمەشق لە گوندە کوردنشینەکانی کۆبانێ بکشێنەوە، بەڵام تا ئێستا نەکشاوەتەوە و تاڵانکردنی موڵکی کورد زۆر بووە. 

ڕۆژنامەنووس مستەفا عەلی لە وەڵامی پرسیارێکدا  کەی گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵدەگیرێت، وتی: تا ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو ڕانەگەیەندراوە، لای خۆیەوە ئیدارەی خۆسەر لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەبا و ئاو و ئینتەرنێتدایە.