شارپرێس:
لەکاتێکدا عێراق
بەدەست چەندین ئاڵنگاریی ئەمنیو سیاسییەوە دەناڵێنێت، لێدوانێکی توندی جەمال کەربولی،
سەرۆکی پارتی حەل، ئاوی ڕشتە سەر ئاگرێکی کپکراوو پەردەی لەسەر قەیرانی (نەبونی
متمانە) لەناوەندەکانی بڕیاری وڵات لادا.
جەمال کەربولی سەرۆکی
پارتی حەل، بەتوندی ڕەخنە لەشێوازی کارکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەگرێتو
دەڵێت، "دورخستنەوەی هاوبەشە سیاسییەکان لەبڕیارە گرنگەکان، هەنگاوێکە بەرەو
دیکتاتۆرییەت"، دهشڵێت، "بڕیاری تاکڕەوانە کۆتاییەکەی ڕوخانە".
کەربولی دەڵێت،
"مێژوو فێری کردوین هەر حاکمێک بەتەنها بڕیاربداتو هاوبەشەکانی وەلابنێت، لەکۆتاییدا
بەتەنها دەمێنێتەوەو زۆر بەئاسانی دەڕووخێت، من پێموایە ئەگەر دەسەڵاتدار پرس بەهاوبەشەکانی
بکاتو بەرپرسیارێتییان پێبدات، ئەوا دەسەڵاتەکەی بەهێزتر دەبێت نەک لاواز".
کەربولی ڕاستەوخۆ
ڕوی دەمی دەکاتە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشو دەڵێت، "ئێوە ڕێگەنادەن شەریکەکانی
نیشتمان لەکۆبونەوەکانتان ئامادەبن، چونکە متمانەتان پێیان نییە".
سەرۆکی پارتی حەل
پێیوایە، ئەو دورخستنەوەیە نیشانەی تێکچونی پەیوەندییە سیاسییەکانە، هۆشداریشدەدات،
ناتوانرێت وڵات بە"بێ متمانەیی"و بەبێ بەشداریی پێکهاتە جیاوازەکان بەڕێوەببرێت.
ئەو لێدوانە تەنها
ڕەخنەیەکی سیاسیی نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ قوڵبونەوەی ململانێی پێکهاتەکان
لەناو دامەزراوە هەستیارەکانی دەوڵەتدا، لەکاتێکدا ئەنجومەنی ئاسایش دەبێت چەقی کۆکەرەوەی
هەموان بێت، ئێستا لەلایەن لایەنێکی سەرەکییەوە بە "قەڵایەکی داخراو" وێنادەکرێت.
