درۆنێک كه‌شتیه‌كى زەبەلاحی نەوتی توركیاى لەدەریای ڕەش كرده‌ ئامانج

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1445 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەڕوداوێکی مەترسیداردا لەدەریای ڕەش، كه‌شتیه‌كى نه‌وتى تورکیا بەناوی (ئاڵتورا) کەوتە بەر هێرشی درۆنێکی نەناسراو، ڕوداوەکە تەنها 15 میل دور لەگه‌روى ستراتیژیی ئه‌ستەنبوڵ ڕویدا، ڕوداوه‌كه‌ش دڵەڕاوکێی زۆری لەبارەی سەلامەتیی گەروەکە دروستکردوە.


بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، كه‌شتیه‌كه‌ 140 هەزار تۆن نەوتی خاوی هەڵگرتبوو و لەڕوسیاوە بەرەو بەندەرەکانی تورکیا بەڕێکەوتبوو، لەئەنجامی هێرشەکەدا، تەقینەوەیەکی بەهێز لەناوچەکە بیستراوەو زیانێکی زۆر بەر بەشی مەکینەی کەشتییەکە کەوتوە، بەجۆرێک کە ئاو چوەتە ناو ژوری مەکینەکان‌و مەترسیی لەسەر جوڵەی کەشتییەکە دروستکردوە.

سەرەڕای سەختیی پێکانی کەشتییەکە، سەرچاوە میدیاییەکانی تورکیا جەختدەکەنەوە، هەر 27 ئەندامی ستافی کەشتییەکە سەلامەتن‌و هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتوەتەوەو دەستبەجێ دوای ڕوداوەکە، تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان‌و پاسەوانی دەریایی‌و کەشتییەکانی فریاکەوتن، ڕەوانەی شوێنی ڕوداوەکە کران بۆ ڕێگریکردن لەهەر ئەگەرێکی نوقمبون یان ڕژانی نەوت بۆ ناو دەریاکە.

تائێستا لایەنە فەرمییەکانی تورکیا هیچ ڕونکردنەوەیەکیان لەسەر سەرچاوەی درۆنەکەو ناسنامەی هێرشبەرەکان بڵاونەکردوەتەوە، ئەم هێرشەش لەکاتێکدایە کە دەریای ڕەش بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکەوە، بوەتە ناوچەیەکی پڕ مەترسی بۆ گواستنەوەی وزە.