شارپرێس:
لەنێوان دوکەڵی جەنگ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ململانێی سارد لەڕۆژهەڵاتی دور، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ وادەیەکی نوێی بۆ سەردانە مێژوییەکەی بۆ چین دیاریکرد، ئەم سەردانە کە بڕیارە لە 14و 15ی ئایاری داهاتوو ئەنجامبدرێت، تەنها گەشتێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو هەوڵێکی کاتیی ترەمپە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگییەک کە جەنگی ئێرانو تەنگژەی وزە تەواو لێیان تێکداوە.
جەنگی ئێران؛ ئەو بەربەستەی وادەکەی گۆڕیی
سەرەتا بڕیاربوو ترەمپ لەکۆتایی ئەم مانگەدا لەپەکین بێت، بەڵام وەک خۆی لەسۆشیاڵ میدیای (تروس سۆشیاڵ) ئاماژەی پێکردوە، "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەئێران، بونە هۆی دواخستنی گەشتەکە".
کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی لهوبارهیهوه جەختیکردوهتهوه، لایەنی چینی لەپێویستیی ئەم دوبارە ڕێکخستنەوەیە تێگەیشتوە، ئەمەش نیشانەیەکە بۆ ئەوەی هەردوو زلهێزەکە نایانەوێت گرژییەکان لەوە زیاتر پەرەبسێنێت.
مەرجی ترەمپ: پەکین دەبێت هورمز بکاتەوە
ترەمپ پێش سەردانەکەی، گوشارێکی توندی خستوەتەسەر چین، ئەو لەلێدوانێکیدا بۆ فاینانشاڵ تایمز ڕایگەیاندوە، چین نابێت چاوەڕێی کۆبونەوەکە بێت بۆ هاوکاری، چونکە 90%ی نەوتی چین لەگهروى هورمزەوە تێدەپەڕێت، چاوەڕوانکردن تا کۆتایی کۆبونەوەکە، زۆر درەنگ دەبێت"، لەبەرامبەردا، چین بەزمانێکی ناڕون وەڵامیداوەتەوەو تەنها داوای "ڕاگرتنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان"و پاراستنی ئابوریی جیهانی کردوە.
ئابورییەک لەنێوان "گۆشتو گەنم"و "جەستەی سەربازەکان"
لەپشت پەردەی ئامادەکارییەکان، گفتوگۆکان لەپاریس لەنێوان وەزیری گەنجینەی ئەمریکاو جێگری سەرۆک وەزیرانی چین گەیشتونەتە قۆناغی وردەکاریی، ئەمریکا دەیەوێت، فرۆشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان (گۆشتو پەلەوەر) بەچین زیادبکات، گرەنتی دەستکەوتنی کانزا دەگمەنەکان بکات کە چین کۆنترۆڵی کردون، بەڵام لەناوخۆی ئەمریکادا، دیمەنەکە ئاڵۆزە؛ لەکاتێکدا ترەمپ لەپەکین لەسەر فەرشی سور دەبێت، ئابوریی ئەمریکا بەدەست بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنییەوە دەناڵێنێتو تەرمی ئەو سەربازانەی لەجەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکوژرێن، دەگەڕێنەوە وڵات.
کۆتاییەکی چاوەڕوانکراو
ئەم سەردانە کە یەکەم سەردانی ترەمپە بۆ چین لەخولی دوەمی سهرۆكایهتیهكهیدا، تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە، چاودێرانیش دهپرسن، ئایا ترەمپ دەتوانێت چین ناچاربکات کلیلی گهروى هورمز بچەرخێنێت؟ یان ململانێی تەکنەلۆژیاو ئاسایشی ئابوریی نێوان هەردوو وڵات، ڕێگر دەبێت لەهەر ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە؟ هەموو چاوەکان لەمانگی ئایاردا لەسەر "پەکین" دەبن.
