شارپرێس:
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا کە لە
ناوەندی پیشەسازیی بەرگریی "بایکار" پێشکەشی کرد، بە توندی دەنگۆکانی
کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە باکووری سووریا ڕەتکردەوە.
گولەر ڕایگەیاند کە پرسی کشانەوە بە
هیچ شێوەیەک لە ئەجێندای ئێستای دەوڵەتی تورکیادا نییە و تەنها ئەنقەرە خۆی بڕیاردەری
کۆتایی دەبێت لەمبارەیەوە و گوێ بە داواکارییەکانی دەرەوە نادات.
سەبارەت بە دەنگۆی ڕێککەوتنی نێوان
ئیدارەی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەگەری تێکەڵبوونی یەکینەکانی
پاراستنی گەل (YPG) بە سوپای سووریا، گولەر جەختی کردەوە کە سوپای تورکیا پلانی وردی بۆ هەموو
گریمانەکان ئامادە کردووە.
هەروەک، ئاماژەی بەوەش کرد کە تاوەکو هەڕەشەی تیرۆریستانی بیانی بەتەواوی لەناو
نەچێت و سەقامگیرییەکی هەمیشەیی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دابین نەکرێت،
هێزەکانیان لەو ناوچانە ناگەڕێنەوە، چونکە پاراستنی سنوورەکان و بەوتە ئەو" ڕێگریکردن
لە دروستبوونی قەوارەی تیرۆریستی" لە پێشینەی کارەکانیانە و چاودێری هەموو
جموجۆڵەکان دەکەن.