عێراق دەستگیركردنی والی داعشی لەئەنبار ڕاگەیاند

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 109 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاشكرایكرد، دوای یەک ساڵ لەکاری چڕی هەواڵگری، توانیویانە گروپێکی تیرۆریستیی ئاڵۆز لەپارێزگای ئەنبار هەڵوەشێننەوەو دەشڵێت، والیی ئەنباری داعشیان دەستگیر کردوە، کە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو.

 
ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ڕایگەیاند، هێزەکانیان لەناوچەی (پێنج کیلۆ) لەسنوری شاری ڕومادی لەپارێزگای ئەنبار تیرۆریستێکی مەترسیداریان بەناوی ئەبو ئەیمەن ڕاوی دەستگیرکرد، کە پۆستی "والیی ئەنبار"ی هەبوەو لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەیویست بەپشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراوەوە پلانێکی تیرۆریستی جێبەجێ بکات".
 
بەوتەی ئەرشەد حاکم، لێکۆڵینەوەکان بونەهۆی دەستگیرکردنی پێنج تیرۆریستی دیکە لەناویاندا ئەبو جیسە؛ غائیب عەواد، بەرپرسی گواستنەوەو پاڵپشتیی لۆجیستی؛ قوسەی شەعلان، بەرپرسی دابینکردن و دروستکردنی درۆنی بۆمبڕێژکراو و بەڕێوەبردنی دۆسیەی کیمیاوی لەناو ڕێکخراوی داعش".
 
ئەرشەد حاکم باس لەوەشدەکات، لەبیابانی ڕوتبەی پارێزگاکەش دەستیان بەسەر کۆگایەکی گەورەی چەک و تەقەمەنیدا گرتوە.
 
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق باسی لەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنێکی دیکەیان لەهەمان پارێزگا ئەنجام داوەو تێیدا ئەبو حوسێن فەهداوی، بەرپرسی ئەمنی ئەنبار دوو کەسی دیکەی هاوەڵی خۆیان تەقاندوەتەوە.