پارتی و خەزعەلی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە کۆبونەوە

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3420 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق، لەکۆبونەوەیدا لەگەڵ فوئاد حسێن جەخت لە رێکەوتنی لایەنە کوردستانییەکان بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەشی سەرۆک کۆمار دەکاتەوە.


نوسینگەی رۆژنامەوانی قەیس خەزعەلی بڵاویکردەوە،" قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق لە نوسینگەکەی خۆی لە بەغدا پێشوازیکرد لە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار و دوایین پێشهاتەکانی ناوخۆیی و ناوچەکەیان تاوتوێکرد ".

ئەوەشخراوەتەڕوو،" لەکۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی یەکدەنگی لایەنە کوردستانییەکان لەسەر دیاریکردنی سەرۆک کۆمار، بۆ ئەوەی سەقامگیری سیاسی بەدیبێت و هەنگاو بەرەو تەواوکردنی شایستە دەستورییەکان بنرێت ".

لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانەی ڕوبەڕوی عێراق دەبێتەوە، هەردولا داوایان کرد گرنگی بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەرەکی هاوسەنگ بدرێت، کە سەروەری وڵاتەکە و پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی لەبەرژەوەندی گەلی عێراق بپارێزرێت.