تورکیا رونکردنەوە دەدات: قسەکانی هاکان فیدان شێوێنراوە

عیراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1535 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەچاوپێکەوتنێکی میدیاییدا وتی،" دوای سوریا نۆرەی عێراقیش دێت"، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو دەڵێت، قسەکانی هاکان فیدان لەلایەن میدیاکانەوە شێوێنراوە، دەشڵێت،" رێز لە سەروەری خاکی عێراق دەگرین ".


ئۆنجو کەچەلی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" چاوپێکەوتنێکی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کە لە 9ی شوباتی 2026 پەخشکرا، لەلایەن بەشێک لە دەزگا میدیاییەکانی عێراقەوە شێوێنراوە ".

ئەوەشیخستەڕوو،" هەمیشە دوپاتی دەکەینەوە کە هەنگاو دەنێین بەرەو زیادکردنی هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ عێراق لەسەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەت لەبوارەکانی ئاسایش و روبەڕوبونەوەی تیرۆر ".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وتیشی،" شێواندنی لێدوانەکانی هاکان فیدان و نیشاندانی بەو شێوەیەی کە دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی عێراق رەتدەکەینەوە، دوپاتیشیدەکەینەوە کە تورکیا پاڵپشتی لە یەکپارچەیی و سەروەری خاکی عێراق دەکات ".