یەکێتی دەنگۆی رێکەوتن لەگەڵ پارتی رەتدەکاتەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1312 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی شارپرێس لەسەرچاوەیەکی نافەرمییەوە بڵاویکردەوە کە لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی پیرمام یەکێتی و پارتی لەسەر چەند پرسێک رێککەوتون، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و ئەو هەواڵە ڕەتدەکاتەوە.


کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ 11ى 2ى 2026 کۆبونەوەیەکی ئەرێنی لەنێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لەکەشێکی زۆر ئارام بەڕێوەچوو، لەکۆبونەوەکەدا پرسە هەنوکەییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

ئەوەشیخستەڕوو،" وێڕای ئەرێنیبوونی کۆبونەوەکە، لە بەشێک لە میدیا و سۆشیال میدیاکان هەواڵی ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکان بڵاودەکرێنەوە، ئێمە بە فەرمی و سەرلەبەری ئەم دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە؛ و هەر رێککەوتنێک ئەنجامبدرێت لەنێوان هەردولا بەفەرمیی بۆ رای گشتی بڵاوی دەکەینەوە ".

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای میدیایی شارپرێس لەزاری سەرچاوەیەکی نافەرمییەوە بڵاویکردەوە، لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆیاندا مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی رێککەوتون لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی عێراق بە یەکێتی بدرێت، لەبەرامبەردا پۆستی وەزیری ناوخۆی هەرێم لای پارتی دەمێنێتەوە، بەڵام وتەبێژی یەکێتی ئەو زانیارییانە رەتدەکاتەوە.