شارپرێس:
محەمەد تۆفیق عەلاوی وەزیری پێشوی گواستنەوەو ڕاسپێردراوی پێشوتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، هۆشدارییەکی توند لەبارەی بارودۆخی داراییو ئابوری وڵات دەداتو ڕایدەگەیەنێت، عێراق لەئێستادا لەبەردەم لێواری هەڵدێردایە.
عەلاوی لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییدا ئاماژە بەوەدەکات، نیشانەکانی ئەم قەیرانە لەئێستاوە دەرکەوتون، لەوانە بڕینی دەرماڵەکانو کەمکردنەوەی موچەو زیادکردنی باجی گومرگی، کە بونەتە هۆی دروستبونی ناڕەزایەتیو مانگرتن لەشەقامەکاندا.
ئەو پێیوایە داهاتوی وڵات بەرەو خراپتر دەچێتو هەر مانگێک لەمانگی پێشوو سەختتر دەبێت، چونکە هاوکێشەی دارایی وڵات زۆر سادەیەو بریتییە لەناهاوسەنگییەکی گەورە لەنێوان داهاتو خەرجییەکاندا، بەجۆرێک کە خەرجییەکان زۆر زیاترن لەو داهاتەی دەستدەکەوێت.
سەرەڕای ئەم وێناکردنە مەترسیدارە، عەلاوی دەڵێت، "هێشتا هیوایەکی گەورە ماوە بۆ ڕزگاربونو دورکەوتنەوە لەو هەڵدێرە، بەڵام ئەمە پێویستی بەگرتنەبەری سیاسیەتێکی نوێو پلانێکی جیاوازو تێکۆشانێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت بەر بەو داڕمانە ئابورییە بگیرێت کە هەڕەشە لەداهاتوی عێراقو بژێوی هاوڵاتیان دەکات، چونکە بەردەوامبون لەسەر ئەم دۆخەی ئێستا کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
