شارپرێس:
لەوەرچەرخانێکی نوێی ململانێ سیاسییەکانی نێوان قامیشلۆو دیمەشق، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بەتوندی وەڵامی لێدوانەکانی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریای دایەوەو کۆتایی بەو گومانانە هێنا کە حکومەتی سوریا دەیەوێت لەدەوری دۆزی کورد دروستی بکات، عهبدى دهڵێت:"ئێمه داواى خۆبهڕێوهبهریمان كردوه، بهڵام ئێوهى حكومهت كێشهى گهورهتان لهسهر ناوو دهستهواژه ههیه".
دوای ئەوەی ئهسعهد شەیبانی وهزیرى دهرهوهى سوریا ڕایگەیاند، کورد داوای ئۆتۆنۆمی نەکردوە، مەزڵوم عەبدی فهرماندهى گشتیى ههسهده بەڕاشکاوی ڕایگەیاند، "ئێوەی حکومەتی سوریا کێشەتان لەگەڵ ناونیشانو دەستەواژە خۆبەڕێوەبەرییەکاندا هەیە، جەوهەری داواکارییەکانی ئێمه لهسهرهتاوه تائێستا، خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستانەو ئەمەش هێڵێکی سورەو پاشەکشەی لێناکرێت".
گێڕانەوەی دیمەشق: نکۆڵی لەئۆتۆنۆمی
ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لەلێدوانێکی نوێدا هەوڵیدا ئاوێک بکات بەئاگری داواکارییە سیاسییەکانی کوردداو ڕایگەیاند، "کورد داوای ئۆتۆنۆمی نەکردوە"، ئەم قسەیە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ کەمکردنەوەی قورسایی سیاسیی ئیدارەی خۆسەرو نیشاندانی دۆخەکە بەوەی کە تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی ئاساییە.
وەڵامە توندەکەی مەزڵوم عەبدی:"کێشەتان لەگەڵ ناوەکانە"
زۆری نەخایاند مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بەتوندی هاتەدەنگ، عەبدی پەردەی لەسەر ڕاستییەکان لاداو ڕایگەیاند، ئەوە حکومەتی سوریایە لەناونیشانو دەستەواژەکان دەترسێت، چونكه داواکاری ئهوان وهك ڕۆژئاوا ڕونە؛ کورد دەبێت جۆرێک لەخۆبەڕێوەبەری هەبێت.
کڕۆکی کێشەکە چییە؟
چاودێرانى سیاسیى باس لهوهدهكهن، ئەم بەریەککەوتنە لێدوانییە دەریدەخات کە قامیشلۆ پێداگرە لەسەر دانپێدانانی فەرمی بەقەوارەیەکی سیاسییو ئیداریی کە مافی کوردو پێکهاتەکانی دیكهى تێدا پارێزراوبێت، بهڵام دیمەشق هێشتا بەعەقڵیەتێکی مەرکەزیی (ناوهند) سەیری ناوچەکە دەکاتو دەیەوێت خۆبەڕێوەبەری تەنها وەک کارگێڕییەکی ناوخۆیی بێدەسەڵات بمێنێتەوە.
ئەم وەڵامدانەوەیەی مەزڵوم عەبدی پەیامێکی ڕون بوو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو ناوخۆی سوریا، کە ڕۆژئاوای کوردستان ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش 2011و هیچ ڕێککەوتنێک بێ چەسپاندنی مافی خۆبەڕێوەبەری سەرناگرێت، ئێستاش پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا دیمەشق ناچار دەبێت واز لەگرێی دەستەواژەکان بهێنێتو دان بەواقیعی نوێی ڕۆژئاوادا بنێت؟.
