دۆزین تیکاڵ؛ ئەو دەنگەی سنورەکانی میدیای بڕی‌و بوە پردی گەیاندنی کورد بۆ میونشن

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5075 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆزین تیکاڵ، ئەو ناوەی چیتر تەنها وەک ڕۆژنامەنوسێکی سەرکەوتوو لەمیدیاکانی ئەڵمانیادا نابینرێت، بەڵکو وەک کارەکتەرێکی سیاسیی‌و دیپلۆماسیی کاریگەر دەرکەوتوە، تیکاڵ کە کچە کوردێکی ئێزدییە، لەدواین هەنگاوەکانیدا توانیی ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لەگەیاندنی دەنگی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ یەکێک لەگرنگترین سەکۆ سیاسییەکانی جیهان.


میونشن؛ وێستگەی لۆبییەکی سەرکەوتوو
به‌گوێره‌ى زانیارییە بڵاوکراوەکان، دۆزین تیکاڵ لەڕێگەی پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی کۆنفراسی ئاسایشی میونشن (MSC)، توانیی ڕەزامەندی بەدەستبهێنێت بۆ بانگهێشتکردنی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات‌و ئیلهام ئەحمەد بەرپرسی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، ئەو هەنگاوە وەک سەرکەوتنی "دیپلۆماسیی تاکەکەسی" بۆ ناساندنی دۆزی کورد لەئاستی نێودەوڵەتیدا ئەژماردەکرێت.

ڕوبەڕوبونەوە لەئەنجومەنی ئاسایش
تیکاڵ تەنها لەپشت مێزی کۆنفرانسەکان کارناکات، بەڵکو بەبوێرییەکەی لەمەیدانیشدا ناسراوە، مانگی ڕابردوو لەپەراوێزی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، تیکاڵ ڕوبەڕوی ئەحمەد شەرع بوەوەو هەوڵیدا وەک ڕۆژنامەنوسێک‌و پارێزەرێکی مافی قوربانیانی جەنگ، چەند پرسیارێکی ڕاستەوخۆی ئاڕاستە بکات، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لەمیدیا جیهانییەکاندا لێکەوتەوە.

لەمیدیاوە بۆ ناوەندی بڕیاردان
دۆزین کە ئەندامێکی چالاکی پارتی دیموکرات مەسیحی ئەڵمانیایە (CDU)، کارەکانی تەنها لەچوارچێوەی میدیادا نەهێشتوەتەوە، ئەو لەڕێگەی ڕێکخراوەکەیەوە HÁWAR.help، بەردەوام کار لەسەر پرسی جینۆسایدی ئێزدییەکان‌و مافی پەنابەران دەکات، شارەزایانی سیاسیی پێیانوایە تیکاڵ توانیویەتی "هێزی نەرم"ی میدیا بەکاربهێنێت بۆ خزمەتکردنی دۆزی نەتەوەیی‌و مرۆیی لەئەوروپا.

ئەمڕۆ دۆزین تیکاڵ نمونەی ئەو کچە کوردەیە کە توانیویەتی لەوڵاتێکی وەک ئەڵمانیا ببێتە بڕیاردەرو کاریگەر، نەک تەنها لەگواستنەوەی هەواڵ، بەڵکو لەدروستکردنی هەواڵ‌و گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکاندا.

دۆزین تیكاڵ كێیه‌؟
دوزێن تیکاڵ (Düzen Tekkal) ڕۆژنامەنوس، چالاکوانی مافی مرۆڤ‌و دەرهێنەرێکی کوردی ئێزدییە کە لەئەڵمانیا دەژیی، ئەو بەیەکێک لەدەنگە هەرە دیارەکانی بەرگریکردن لەکەمینە ئایینی‌و نەتەوەییەکان دادەنرێت.

لەساڵی 1978 لەهانۆڤەری ئەڵمانیا لەخێزانێکی کوردی ئێزدی کۆچبەر کە خەڵکی باکوری کوردستان شارى (ئامه‌د)ه‌ لەدایکبوە.

دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، گەشتی کرد بۆ باشوری کوردستان‌و عێراق بۆ بەدۆکیۆمێنتکردنی جینۆسایدی ئێزدییەکان، فیلمەکەی بەناوی "HÁWAR – My Journey to Genocide" کاردانەوەیەکی جیهانی گەورەی هەبوو.

ڕێکخراوی به‌هاناوه‌چونى هاوارى دامەزراندوە کە هاوکاری ژنانی ڕزگاربوی دەستی داعش‌و منداڵانی ناو کەمپەکان دەکات، هەروەها پڕۆژەی (گێرمه‌ن دریم)ى بۆ پەروەردەی دیموکراسی لەئەڵمانیا دەستپێکردوە، چەندین خەڵاتی گرنگی وەرگرتوە، لەوانە نیشانەی شایستەیی فیدراڵی ئەڵمانیا (Federal Cross of Merit) لەساڵی 2021 بەهۆی کارە مرۆییەکانییەوە.

دوزێن بەردەوام لەناوەندە بڕیاربەدەستەکانی وەک پەرلەمانی ئەوروپاو نەتەوەیەکگرتوەکان کار بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەکان‌و مافی ژنان دەکات.