گراهام كارێكى كرد ئه‌مجاره‌ كورد ته‌نها چیاكان به‌دۆستى خۆیان نه‌زانن

ڕاپۆرت

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 24603 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەنێوان گەرمەی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکەو گۆڕانی دەسەڵاتەکان لەسوریا، چاوی جیهان‌و هیواکانی نەتەوەیەک لەسەر کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ بوو، لەوێ، دەنگێکی ئاشنای ئەمریکی سیناتۆر لیندسی گراهام، جارێکی دیکە جەختی لەهاوپەیمانێتییەکی خوێناویی‌و ستراتیژی کردەوە.


لەکاتێکدا نەخشەی سیاسیی ناوچەکە ڕوبەڕوی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی دەبێتەوە، لیندسی گراهام لەمیونخەوە پەیامێکی پۆڵاینى ئاڕاستەی جیهان كردو وتى، "کورد بەتەنها جێناهێڵین"؛ ئه‌وه‌شى وت، "واشنتۆن بەیاسایەکی تایبەت‌و سزای توند، دەبێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی هاوپەیمانە دێرینەکانی لەبەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی نوێ".



لیندسی گراهام هێڵە سورەکانی ئەمریکا دەکێشێت ئه‌ویش، "پاراستنی کورد ئەرکێکی ئەخلاقی‌و ستراتیژییە"، سیناتۆرە ناسراوەکە ئاشکرایدەکات، کە ڕێگەیان گرتوە لەهێرشەکان بۆسەر ناوچە کوردییەکان‌و هەرلایەنێکیش هەوڵی تێکدانی ئاسایشی کورد بدات، ڕوبەڕوی سزای قورسی ئەمریکا دەبێتەوە".

بەڵێنەکەی گراهام: "بەتەنها جێتان ناهێڵین"
لیندسی گراهام بەزمانێکی ڕەوان‌و بێ پەردە ڕایگەیاند، ئەمریکا ڕێگەنادات ئەو گەلەی بوو بەقەڵغان لەدژی تاریکیی داعش، بکرێتە قوربانی بەرژەوەندییە کاتییەکان، ئەو زیاتر وتی، "ئێمە لێرەین بۆ پاراستنی کورد، چونکە پاراستنی ئەوان، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکایە".

هەنگاوە کردەییەکان: یاسا وەک قەڵغان
گرنگیی قسەکانی گراهام تەنها لەسۆزدا نەبوو، بەڵکو ئاماژەی بە"یاسای پاراستنی کورد" (Save the Kurds Act) کرد، ئەمە پەیامێکی ڕون بوو بۆ حکومەتی نوێی سوریاو وڵاتانی دەوروبەر كه‌ هەر هێرشێک بۆسەر کورد، باجەکەی سزایەکی قورسی ئابوریی‌و سیاسیی دەبێت لەلایەن واشنتۆنەوە.

گراهام ئاشکراشیکرد، ئەمریکا دەستبەجێ هەوڵەکانی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی "حکومەتی سوریا" بۆسەر ناوچە کوردییەکان دەستپێکردوەو سەرکەوتوش بوە.



متمانە لەنێوان شک‌و هیوا
کورد جارێکی دیکە لەتاقیکردنەوەیەکی سەختدایە، لێدوانەکانی گراهام هێزێکی مەعنەوی گەورەن، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لای شەقامی کوردی دەمێنێتەوە، ئایا ئەمجارە واشنتۆن تا کۆتایی لەسەر بەڵێنەکانی دەمێنێتەوە، یان کورد وەک هەمیشە تەنها "چیاکانی" دەبێت بەدۆست؟

ئه‌گه‌رچى به‌شێك له‌چاودێران به‌گومانه‌وه‌ وتیان، پەیامەکەی میونخ ڕون بوو، کورد نەک تەنها هاوپەیمانێکی سەربازیی، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لەنەخشەی ئاشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، به‌ڵام به‌شێكى دیكه‌یان به‌جه‌ختكردنه‌وه‌ ڕایانگه‌یاند، "پەیامەکەی لیندسی گراهام تەنها دڵدانەوەیەک نەبوو، بەڵکو گۆڕینی هاوکێشەی هێز بوو لەسوریای نوێدا، کاتێک سیناتۆرێکی کاریگەری وەک ئەو باس لە سزای یاسایی دەکات، واتە ئەمریکا ئامادەنییە دەستکەوتەکانی شەڕی داعش بەئاسانی بداتە دەست لایەنە توندڕەوەکان، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ سەرکردایەتی کورد کە ئەم پاڵپشتییە بکاتە بنەمایەک بۆ قەوارەیەکی سیاسیی جێگیرو پارێزراو لەدەستوەردانی دەرەکیی".

بەپەلە