دروستکردنی شەربەت لەماڵان قەدەغەکرا

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 131 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کۆیە ڕایدەگەیەنێت، دروستکردنی شەربەت لەماڵان و بەبازاڕکردنی قەدەغەیەو دەڵێت،" هەر کەسێک سەرپێچی بکات، دەست بەسەر کاڵاکەیدا دەگیرێت و ڕوبەڕوی سزای یاسایی دەبێتەوە".


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کۆیە ئاگادارییەکی بڵاوکردەوەو دەڵێت،" لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا دروستکردنی شەربەتی ماڵان و بەبازاڕکردنی لەلایەن بازرگانانەوە قەدەغەیە".
 بۆ ئەم مەبەستە هۆبەی چاودێریی تەندروستی چەند ڕێنماییەکی تایبەتی دەرکرد:

1-پێویستە چێشتخانەو خواردنگەکان پابەندی ئادابە گشتییەکان و ڕێنماییە تەندروستییەکان بن.

2- دەبێت هەموو جۆرە شیرینییەک لەبازاڕەکاندا بەنایلۆنی شەفاف و پاک داپۆشرێت.

3- فرۆشتنی شەربەتی خۆماڵی تەنها لەو ساردەمەنیانەدا ڕێگەپێدراوە کە مۆڵەتی تەندروستییان هەیە.

4- داوا لەهاوڵاتییانی خۆشەویست دەکەین لەو شوێنانە کاڵا نەکڕن کە پابەندی ڕێنماییەکان نین.

5- هەر شوێنێک سەرپێچی بکات، کاڵاکانی دەستی بەسەردا دەگیرێت و خاوەنەکەی ڕووبەڕووی سزای یاسایی و دارایی دەبێتەوە.