شارپرێس:
زوحا بەهادلی پەرلەمانتاری کوتلەی نەهجی نیشتمانی ئاشکرایکردوە، جوڵەیەکی پەرلەمانیی دەستیپێکردوە بۆ بانگهێشتکردنی عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بەئامانجی تاووتوێکردنی هۆکارەکانی ناسەقامگیریی لەنەختینەی داراییو دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان.
بەهادلی ئاماژەی بەوەکردوه، دەیانەوێت لەنزیکەوە ئاگاداری توانای سیاسەتی نەختینەیی بن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تەحەددییەکانو دڵنیابونەوە لەوەی کە هیچ قەیرانێکی دارایی کارنەکاتەسەر موچەی فەرمانبەرانو پابەندییە داراییەکانی دەوڵەت، هەروەها پاراستنی هێزی کڕینی هاوڵاتیان.
لەلایەکی دیکەوە، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوەدەكەن، تەنگژەی نەختینە لەعێراق بەرەو خراپتربون دەچێتو داهاتی بەردەست، بەشی موچەی مانگەکانی داهاتوو ناکات.
بهگوێرهى زانیارییەکان، حکومەت ناچاربوە بۆ دابینکردنی موچەی مانگەکانی ڕابردوو بڕی 20 ترلیۆن دینار لەبانکی ڕافیدەینو نزیکەی 7 بۆ 8 ترلیۆن دینار لەبانکی ڕەشید ڕابکێشێت، جگە لەڕاکێشانی حهوت ملیار دۆلارو بڕە پارەیەکی دیکە لەبانکە پیشەسازییو کشتوکاڵییەکان.
ئەم ڕێکارانە بونەتە هۆی کەمبونەوەی توندی نەختینە لەبانکە حکومییەکاندا، ئەمەش وایکردوە، ئەگەری دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران لەقۆناغی داهاتودا ببێتە بابەتێکی جدی، مەگەر چارەسەرێکی دارایی بەپەلە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بدۆزرێتەوە.
