بەرپرسێكی هەسەدە چەندین ئاستەنگی حكومەتی سوریا ئاشكرادەكات كەپێچەوانەی ڕێككەوتنەكانە

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 284 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق ئاسان نییەو تائێستا چەندین ئاستەنگ لەبەردەم گفتوگۆکاندا هەن، ئەوەش ئاشكرادەكات، بەرپرسانی حکومەتی دیمەشق پێداگرن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی هێزەکانی هەسەدە.

 
فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق ئاسان نییەو تائێستا چەندین ئاستەنگ لەبەردەم گفتوگۆکاندا هەن ئەوەش ئاشكرادەكات، بەرپرسانی حکومەتی دیمەشق پێداگرن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی هێزەکانی هەسەدە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاشکراشیکرد، حکومەتی سوریا داوای کردوە کەبەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نەمێنێت و هێزەکانی دیمەشق بچنە هەموو ناوچەکان و دەڵێت،  بەرپرسانی دیمەشق پەیامی ئەوەیان بەهەسەدە داوە کە ئەگەر خۆیان ڕادەست نەکەن و مەرجەکان قبوڵ نەکەن، ئەوا لەناوچەکان ڕایان دەماڵن.

لەبارەی چارەنوسی شەڕڤانان، فەرهاد شامی ئاماژەی بەوەکرد کە دیمەشق مەرجی داناوە هەر شەڕڤانێک بیەوێت ببێتە سەرباز، دەبێت تاقیکردنەوە ئەنجام بدات، دوای تاقیکردنەوەکەش بۆ ماوەی 3 مانگ هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و پاشان بڕیاری وەرگرتنی دەدرێت. 

شامی ڕاشیگەیاند، شەڕڤانانی ئەوان زیاتر لە10 ساڵە ئەزمونی جەنگیان هەیە و داوایان کردوە کچان و کوڕان پێکەوە وەک یەک هێز بمێننەوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هەسەدە نهێنیی ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای ئاشکرا کرد و وتی، لەکۆتاییەکانی ماوەی ئاگربەستدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندیی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریاوە کردوە، ترەمپ بەشەرعی ڕاگەیاندوە کە ئەمریکا بەرژەوەندیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیەو ئەم شەڕە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان یەکناگرێتەوە، بۆیە پێویستە ڕابگیرێت، ترەمپ هەمان پەیامی بۆ هەسەدەش ناردوەو ئەوانیش ڕایانگەیاندوە کە لەحاڵەتی بەرگریدا دەبن و دەستپێشخەری بۆ هێرش ناکەن.