چیرۆكى کەزییەکی بەندکراو؛ کاتێک دەوڵەت لەجوانی‌و کوردبون دەترسێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3268 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوڵاتێکدا کە بانگەشەی پڕۆسەی ئاشتی‌و برایەتی گەلان گوێی جیهانی کەڕکردوە، دەسەڵاتی دادوەریی‌و ئەمنی تورکیا جارێکی دیكه‌ سەلماندیان کە هێشتا لەسادەترین هێماکانی ژنێکی کورد تۆقیون، زیندانیکردنی ئاسیا دەمیر تەنها لەبەر هۆنینەوەی کەزییەکانی لەبەردەم کامێرایەکدا، پەردە لەسەر ڕاستییەکی تاڵ لادەبات ئه‌ویش، "ئەو ئاشتییەی تورکیا باسیدەکات، جێگەی کەزیی کچانی کوردی تێدا نابێتەوە".


بۆچی دەوڵەتێک کە خاوەنی یەکێک لەبەهێزترین سوپاکانی ناوچەکەیە، لەڤیدیۆیەکی چەند چرکەیی خوێندکارێکی 23 ساڵان دەترسێت؟ چونکە "کەزی" لەفەرهەنگی کوردیدا تەنها ڕازاندنەوە نییە، بەڵکو گێڕانەوەی بەرگرییە، کاتێک ئاسیا لەژێر دەنگی گۆرانییەکی کوردیدا قژی دەهۆنێتەوە، ئەو تەنها ستایلی قژی ناگۆڕێت، بەڵکو ناسنامەیەک زیندودەکاتەوە کە تورکیا سەدەیەکە هەوڵی سڕینەوەی دەدات، به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە یاساییەکان لەسەکۆی پارێزەرانی ئازادی (ÖHD)، "ئەمجۆرە سزایانە نیشانەی پارادۆکسی ترسە".

ئەو ڕوداوە پەیامێکی ڕەوان‌و بێپەردەیە بۆ ئەوانەی بڕوایان بە"پڕۆسەی نوێی ئاشتی" هێناوە، چۆن دەکرێت دەستێک بۆ تەوقە درێژبکرێت، لەکاتێکدا دەستەکەی دیكه‌ى دەوڵەت خەریکی توندکردنی  کۆت‌و زنجیر بێت لەسەر گەردنی خوێندکاران؟

به‌بڕواى چاودێرانى سیاسیى‌و یاسایی له‌توركیاو باكورى كوردستان، تورکیا ئاشتییەکی دەوێت کە تێیدا کورد هەبێت بەڵام "کورد نەبێت"؛ واته‌ قژی هەبێت بەڵام "کەزی نەهۆنێتەوە"؛ زمانی هەبێت بەڵام "گۆرانی پێ نەڵێت"، جه‌ختیشده‌كه‌نه‌وه‌، "دەستگیرکردنی ئاسیا لەشارێکی وەک ئیزمیر، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە چاودێرییە ئەمنییەکان گەیشتونەتە ناو ژوری خەوو تایبەتمەندییەکانی هەر تاکێکی کورد".

به‌بڕواى چاودێران ده‌ڵێن، "مێژوو سەلماندویەتی کە زیندان ناتوانێت ڕێگریی لەگەشەی کولتور بکات، زیندانیکردنی ئاسیا دەمیر-یش كه‌ وه‌ك گیراوێكى (کەزیی کوردی) ناسراوه‌، لەهێمایەکی جوانکارییەوە گۆڕیوه‌ بۆ هێمایەکی بەرگریی جیهانی، ئەوه‌شى ڕویداوه‌ نەک هەر نیشانەی لاوازیی پڕۆسەی ئاشتیە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەت لەبەردەم شکۆو ناسنامەی نەوەی نوێی کورددا توشی ئیفلیجی بوە، هه‌روه‌ك چۆن ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا نوسیویه‌تى، "ئەمە جەنگێکی دەرونییە دژ بەئیرادەی ژنی کورد".

چاودێرانى سیاسیى جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، ئاشتییەک کە لەکەزیی کچێک بترسێت، ئاشتی نییە، بەڵکو تەنها پشویەکی کاتیی پۆستاڵەکانە؛ چونکە نەتەوەیەک کە فێری هۆنینەوەی کەزییەکانی بوبێت، هەرگیز فێری چەمانەوە نابێت‌و کاتێکیش دەوڵەتێک بەهەموو تانک‌و تۆپەکانییەوە، زیندان بۆ کەزیی کچێک ئامادەدەکات، ئەوە نیشانەی هێزی ئەو دەوڵەتە نییە، بەڵکو سەلمێنەری ئەوەیە کە شکۆی ئەو کچە لەتەواوی سیستەمە ئەمنییەکەیان گەورەترە.

هه‌روه‌ك پێیانوایه‌، ئاسیا دەمیر تەنها خوێندکارێکی زیندانیکراو نییە، به‌ڵكو دەکرێت جەستەیەک لەپشت دیوارەکانەوە کەمەندکێش بکرێت، بەڵام هیچ زیندانێک نییە جێگەی ناسنامەو کەزییەکی تێدا ببێتەوە کە بۆ ئازادی هۆنراوەتەوە.

بەپەلە