عێراق خزمەتكردنی سەربازی زۆرەملێ‌ دەستپێدەكاتەوە

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 536 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای خزمەتی سەربازی زۆرەملێ دەباتەوە ناو دانیشتنەكان و پەرلەمانتارێك دەڵێت،" ئامانجی یاساکە خزمەتکردنی کۆمەڵگەو گەنجانە لەڕێگەی بەهێزکردنی دیسپلین، بونیادنانی لێهاتویی، چەسپاندنی بەهاکانی هاوڵاتیبون و پشتگیریکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان بە هێزی گەنجی مەشقپێکراو".


سەفا جابری، ئەندامی کوتلەی سادقون ئەمڕۆ چوارشەممە بە "الصباح"ی ڕاگەیاند، لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ خوێندنەوەی یاساکانی پێشو و ئامادەکردنی خشتەیەکی نوێ بۆ یاسادانان، كەیەكێك لەو یاسایانە  پڕۆژەیاسای سەربازی زۆرەملێیە.

جەختیشیکردەوە کە تێپەڕاندنی یاساکە پەیوەستە بەڕێککەوتنی سیاسی و ئیرادەی پەرلەمان و پێویستە یاساکە دادپەروەری و یەکسانی بەدی بهێنێت و ڕەچاوی بارودۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی گەنجان بکات. 

ئەم پەرلەمانتارە  ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كەئامانج  لەیاساكە تەنها لایەنی سەربازی نییە، بەڵکو ئاوێتەکردنی گەنجانی پارێزگاو پێکهاتە جیاوازەکانە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی. 

ئەمە لەكاتێكدایە، خزمەتکردنی سەربازی بەزۆرەملێ لەسەردەمی سەدام حسێن سەرۆکی پێشوتری عێراقدا كاری پێدەكرا.