عێراق ڕێكاری جیاواز لەدەروازە سنورییەكان دەگرێتەبەر...هۆشداریش بەهەرێم دەدات

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 695 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانتارێكی عێراق ڕایگەیاند، عێراق بەرەو ڕێکخستنەوەیەکی گشتگیر بۆ بەڕێوەبردنی سنورەکان و دەروازە گومرگییەکان هەنگاو دەنێت و دەڵێت،" ئامانج زیادكردنی داهاتەکان، کەمکردنەوەی سەرپێچییە دارایی و بازرگانییەکان و جێبەجێکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە لەکارە گومرگییەکاندا"، ئەوەش ئاشكرداەكات،" لەڕێگەی لیژنەیەكەوە پلانیانە داهاتی دەروازە سنورییەكان عێراق، بەهەرێمی كوردستانیشەوە ڕۆڵی بەرچاو بگێڕن لەزیادكردنی داهاتی نانەوتی وڵات".

 
غەیس شەبەع، پەرلەمانتاری عێراق، لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی الصباح ڕایگەیاند، پەرلەمان لیژنەیەكی نوێی بۆ دەروازە سنورییەكان دروستكردوە، كە ئامانجی لیژنە نوێیەکە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان و گەڕاندنەوەی داهاتەکانیانە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، بەتایبەت کە پێشتر خەزێنە بەتەواوی پشتی بەداهاتی نەوت دەبەست و چاودێرییەکی کاریگەر لەسەر دەروازەکان نەبوو.

دەشڵێت،" دەروازە سنورییەکان شاخوێنبەری سەرەکی داهاتە نانەوتییەکانن، هەر گرفتێکی کارگێڕی یان گەندەڵی و لاوازی لەڕێکارە گومرگییەکاندا، ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر داهاتی دەوڵەت و دادپەروەری لە کێبڕکێی بازاڕی ناوخۆدا".

دەشڵێت، "گرنگی ئەم لیژنەیە لەوەدایە ئەگەر دەسەڵاتی ڕاستەقینەی پێبدرێت، دەتوانێت چاودێری پرۆسەکانی هاوردەکردن توندتر بکات، ڕێگری لەیاریکردن بەپسوڵە و بڕی کاڵاکان بکات، و ڕێگری بکات لەساغکردنەوەی کاڵای دەرەکی (الإغراق السلعی) کە زیان بەبەرهەمی نیشتمانی دەگەیەنێت".

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتریش، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كەلەڕێگەی جێبەجێکردنی سیستەمی جیهانی "ئەسیکۆدا" پابەندییەکی نێودەوڵەتی و هەنگاوێکی چاکسازییان بۆ بەرەنگاربونەوەی سپیکردنەوەی پارە و قاچاخچێتی دەستێكردوە.