ئێران و ڕوسیا بەمانۆڕێکی دەریایی هاوبەش لەنزیک کەشتی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" تەحەددای ئەمریکا دەکەن

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 306 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێران و ڕوسیا بڕیاریانداوە سبەی پێنجشەممە دەست بکەن  بەئەنجامدانی مانۆڕێکی دەریایی هاوبەش لەدەریای عومان و باکوری زەریای هیندی و لەنزیک کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە ڕاهێنانە سەربازییەکانی سوپای پاسداران لە گەرووی هورمز دێت.

  
حەسەن مەقسوودلو، وتەبێژی مانۆڕەکە ڕایگەیاند کە ناوچەی یەکەمی هێزە دەریاییەکانی ئێران لە بەندەر عەباس میوانداری ئەم چالاکییە دەکات.

ئامانجی سەرەکی ئەم مانۆڕانە بریتییە لە بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی بەردەوام، پەرەپێدانی هاوکارییە هاوبەشەکان، و باشترکردنی هەماهەنگیی نێوان هێزە دەریاییەکانی هەردوو وڵات لە پلاندانان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکاندا.

 هەروەها جەخت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری دەریایی و پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و تانکەرە نەوتەکان کراوەتەوە. بەرپرسانی سەربازی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوە نیشانەی پابەندبوونی هەردوو لایەنە بە ڕووبەڕووبوونەوەی تاکلایەنیی و چەسپاندنی ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەکە لە دابینکردنی ئاسایشدا.

لەلایەکی دیکەوە، ئەلێکسی سێرگیێڤ، فەرماندەی گرووپی دەریایی ڕووسیا، جەختی لە پتەوی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ کردەوە و ڕایگەیاند کە ئاستی کارلێکەکان دەریدەخات کە توانای چارەسەرکردنی تەحەددییە دەریاییەکانیان پێکەوە هەیە. 

سێرگیێڤ ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە مانۆڕێکی تایبەت و ئۆپەراسیۆنی دژەتیرۆر لەگەڵ ئێراندا بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.