ڕوانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئامارێکی مەترسیدار لەبارەی هەڵکشانی توندوتیژیی خێزانی لەعێراق بڵاودەکاتەوە

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 84 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕوانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ساڵی 2025دا ئامارەکانی توندوتیژی خێزانیی لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و بە شێوەیەکی فەرمی 36289 حاڵەت تۆمار کراون، ئەم ژمارەیەش بەراورد بە ساڵی 2024 کە تەنها 14000 حاڵەت بووە، زیادبوونێکی بەرچاوی بە ڕێژەی زیاتر لە 150% بەخۆوە بینیوە.

 
 ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم داتایانە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بوێری تۆمارکردنی سکاڵایان هەبووە و ڕەنگە ئامارە ڕاستەقینەکان زۆر لەوە زیاتر بن.

لە وردەکاریی ئامارەکاندا، توندوتیژی هاوسەران لە سەرووی لیستەکەدایە؛ بەجۆرێک 19587 حاڵەتی دەستدرێژیی پیاوان بۆ سەر ژنان و 5918 حاڵەتی دەستدرێژیی ژنان بۆ سەر پیاوان تۆمار کراوە.

سەبارەت بە توندوتیژی دژی دایک و باوک، 3112 حاڵەت لەلایەن کوڕان و 531 حاڵەت لەلایەن کچانەوە ئەنجامدراون. لەنێوان خوشک و براکانیشدا، 1583 حاڵەتی دەستدرێژیی برا بۆ سەر خوشک و 725 حاڵەتی دەستدرێژیی خوشک بۆ سەر برا هەبووە. هەروەها توندوتیژی دژی منداڵان گەیشتووەتە 1282 حاڵەت لەلایەن باوکان و 559 حاڵەت لەلایەن دایکانەوە، جگە لە 2992 حاڵەتی توندوتیژی جۆراوجۆری دیکە.

ڕوانگەکە هۆکاری ئەم هەڵکشانی توندوتیژییەی بۆ نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و بوونی ماددەی 41 لە یاسای سزادانی عێراقی گەڕاندووەتەوە کە ڕێگە بە "مافی تەمێکردن" دەدات.

هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە کەمیی شێڵتەرە حکومییەکان و گوشارە عەشایەرییەکان وای کردووە زۆرێک لە قوربانییان لە ترسی بێدەرەتانی بێدەنگ بن، کە ئەمەش مەترسی دروستبوونی نەوەیەکی توندوتیژ لە داهاتوودا زیاد دەکات.