شارپرێس:
عەبدوڵا ئۆجەلان لە ڕێگەی شاندی ئیمراڵییەوە پەیامێکی بۆ ڕایگشتی بڵاوکردەوەو دەڵێت، "سەردەمی نكۆڵیكردن لەزمان و نەتەوەی كورد كۆتاییهاتوە، پێویستە ڕاپۆرتی كۆمسیۆنی ئەنجومەنی نیشتمانیی توركیا لەگەڵ واقیعە كۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەكان یەكبگرێتەوە".
عەبدوڵا ئۆجـەلان، ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان، ڕاشیگەیاندوە، "سەلماندمان دەتوانین خەبات لەتوندوتیژییەوە بۆ سیاسەتی دیموکراسی بگوازینەوەو دەڵێت، "کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی بوە لەدامەزراندنی کۆماری تورکیاو ئێستا قۆناغی کۆتاییهێنانە بەنکوڵیکردن لەکوردو زمانی کوردی و دیموکراسیی خۆجێیی بریتی نییە لەهەرێم و دەوڵەتی سەربەخۆ".
لەبارەی ڕاپۆرتی لیژنە پەرلەمانییەکەی تورکیاوە دەڵێت، "پێویستە ڕاپۆرتی لیژنەکە گونجاو بێت لەگەڵ واقیعی بنەڕەتی کۆمەڵگه".
لەبەشێکی دیكەی پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتوه، "سەلماندمان دەتوانین خەبات لەتوندوتیژییەوە بۆ سیاسەتی دیموکراسی بگوازینەوە، سیاسەتکردن بەلۆژیکی لەناوبردنی تیرۆر خزمەت بەچارەسەرناکات".
سەبارەت بەکوردو ڕۆڵی کورد لەتورکیا ڕایگەیاندوە، "قۆناغی ئێستا قۆناغی تێکەڵبونەوەی دیموکراتییەو کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی بوە لەدامەزراندنی کۆماری تورکیاو ئێستا قۆناغی کۆتاییهێنانە بەنکوڵیکردن لەکورد و زمانی کوردی".
ئۆجەلان بەپەیامەکەیدا باسی ئەوەشیکردوە، "لەسوریاش پێشنیازی تێکەڵبونی دیموکراسیمان کردوەو دیموکراسیی خۆجێیی بریتی نییە لە هەرێم و دەوڵەتی سەربەخۆ".
دامەزرێنەری پەکەکە ئەوەشی وتوە،"پرسی ئێمە گەورەتر لەڕەهەندی ئەمنی، ڕەهەندێکی سیاسی هەیەو ئێمە سیاسەت دەکەین و وازمان لەچەک و توندوتیژی هێناوە".
لەبارەی یەکێتیی نێوماڵی کوردیش دەڵێت، "پێشنیازی یەکێتیی دیموکراتی بۆ کورد لەنێوان پارچەکان دەکەم".
