شارپرێس:
بەغدا نەخشەی نوێی سەروەریی وڵاتهكه دەکێشێتو هۆشداریی توند دەداتە وڵاتانی عەرەبی کە سەردەمی دەستدرێژی بۆسەر سنورەکانى کۆتاییهاتوه، هاوکات لەپەیامێکی تونددا بۆ پارتیو یەکێتیی، چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعهكان) چارەنوسی سەقامگیریی وڵات دەخاتە ئەستۆی کوردو ڕایدەگەیەنێت، چیتر چاوەڕوانی ململانێی دوو حزبەکە ناکەنو دەبێت کێشەی سەرۆک کۆمار لەناو تەڵەی کات دەربهێنرێت.
لەکۆبونەوەیەکدا کە لەنوسینگەی شێخ هەمام حەمودی بەڕێوەچوه، چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعهكان) لهڕاگهیهنراوێكدا کۆمەڵێک پەیامی ناوخۆییو هەرێمیی توندی ئاراستەکردوهو تێیدا جەختی لەسەر پاراستنی سەروەریی عێراقو یەکڕیزیی ماڵی شیعەو کورد کردوهتهوه.
لهو ڕاگهیهنراوهدا چوارچێوەی هەماهەنگی دهڵێت، "عێراق چیتر بێدەنگ نابێت لەئاست مافە نیشتمانییەکانیو نەخشەی سنورە دەریاییەکانی خۆی لای نەتەوەیەکگرتوەکان دادەنێت"، ئەمە وەک وەڵامێکی یاساییو دیپلۆماسی دەبینرێت بۆ جێگیرکردنی مافە ئاوییەکانی وڵات، لەکاتێکدا جەختیش لەپابەندبونى خۆى بەبڕیاری نێودەوڵەتی ژمارە (833) دهكاتهوه.
بڕیاری ژمارە (833)ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان، کە لەساڵی 1993 دەرچوە، ئەو چوارچێوە یاساییەیە کە سنوری ئێستای عێراقی پێ دیاریکراوەو عێراق لەساڵی 2026دا هەوڵدەدات لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە زۆرترین مافی دەریایی خۆی لەناو ئەو چوارچێوەیەدا بپارێزێت، هاوكات چاودێرانیش پێیانوایه، یەکێکە لەهەستیارترینو جێ مشتومڕترین بڕیارە نێودەوڵەتییەکان لەمێژوی هاوچەرخی عێراقدا، بەتایبەت لەپەیوەندییەکانیدا لەگەڵ کوەیت، ئهو بڕیارە تایبەته بەنەخشاندنی سنورە نێودەوڵەتییەکانی نێوان عێراقو کوەیت دوای جەنگی دوەمی کەنداو، جەخت لەسەر کارەکانی لیژنەی نێودەوڵەتی دهستنیشانكردنى سنورەکان دهكاتهوهو بەشێوەیەکی کۆتایی سنورە وشکانیو دەریاییەکانی دیاریکرد.
ڕاگهیهنراوهكهى شیعهكان تایبهت بهكۆبونهوهكهى شهوى ڕابردوو جهختیكردوهتهوه لهسهرئهوهى، عێراق سورە لەسەر چەسپاندنی مافە نیشتمانییەکانیو بەفەرمی نەخشەی سنورە دەریاییەکانی خۆی ڕادهستى ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان كردوه.
سەبارەت بەچەقبەستویی سیاسیی لەهەرێمی کوردستانیش، چوارچێوهكه داوایەکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی دوو حزبە باڵادهستهكهى ههرێم (پارتىو یهكێتیى) کردوە کە بەزوترینکات پرسی کاندیدی سەرۆک کۆمار یەکلابکەنەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە لایەنە شیعەکان دەیانەوێت پڕۆسەی سیاسیی خێراتر بکرێتو شایستە دەستورییەکان نەکەونە مەترسییەوە.
لەتیشکخستنەسەر گرژییەکانی نێوان ئەمریکاو کۆماری ئیسلامی ئێرانیش، چوارچێوەی هەماهەنگی هۆشداریداوه لەوەی، "شەڕ تەنها کێشەکان گەورەتر دەکات، بۆیه داوا لههەردولا دهكهین (ئهمریكاو ئێران) سود لەکەشی ئەرێنیی دانوستانەکانی ژنێڤ وەربگرن بۆ دورخستنەوەی ناوچەکە لەململانێی چەکداریی".
لەکۆتاییدا کۆبونەوەکەدا پەیامێکی دڵنیاییدایە لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگیو جەختی لەتۆکمەییو یەکڕیزیی لایەنەکانی ناو چوارچێوەکە کردەوە وەک وەفایەک بۆ ئەو متمانەیەی لەهەڵبژاردنەکاندا پێیاندراوە.
