شارپرێس:
لەکاتێکدا دەنگۆی
ڕێککەوتنە سیاسییەکان لەپشت پەردەکانەوە چڕبوەتەوە، وهفدێكى باڵای یاساییو پزیشکی
ئەوروپی، بەسەرۆکایەتی وەزیرێکی پێشوی داد، بێدەنگییان شکاندو لەناو جەرگەی ڕوداوەکانی
ڕۆژئاواوە دەستیان بەهەڵدانەوەی لاپەڕە تاریکەکانی پێشێلکارییەکان کرد، ئەو سەردانە
تەنها گەشتێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو دەستپێکی گەورەترین دۆسیەی یاساییە کە تێیدا
گەمارۆی کۆبانێو تاوانی میلیشیاکان دەخرێنە ژێر وردبینی نێودەوڵەتی، تاوەکو ڕاپۆرتەکەیان
ببێتە خەنجەرێک لەجەستەی ئەو بێدەنگییەی کە لەئاست هاواری كوردانى ڕۆژئاوادا هەیە.
لەهەنگاوێکی نوێدا
بۆ بەدۆکیۆمێنتکردنی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاواى
كوردستان) وهفدێكى باڵای مافپەروەرانو پسپۆڕانی ئەوروپی گەیشتنە ناوچەکە، بهگوێرهى
زانیارییهكانى شارپرێس، ئامانجی سەرەکی ئەو وهفده لێکۆڵینەوەی مەیدانییە لەو پێشێلکاریانەی
کە لەئەنجامی هێرشەکانی ئەمدواییەی گروپە چەکدارەکانی سەر بەدەسەڵاتی دیمەشقو لایەنە
ناکۆکەکان ئەنجامدراون.
شارپرێس زانیویهتى،
وهفدهكه کە لەڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارهى خۆسەر پێشوازییان
لێکراوه، کارەکانیان چڕکردوەتەوە لەسەر کۆکردنەوەی بەڵگەو زانیاریی لەبارەی ئەو ڕوداوانەی
زیانیان بەهاوڵاتیانی سڤیل گەیاندوەو بڕیارە وهفدهكه سەردانی دامەزراوە یاساییەکان
بکاتو ڕاپۆرتێکی گشتگیر بۆ ڕای گشتیی جیهانیی ئامادەبکات.
ئۆگمۆندۆر یۆناسن
وەزیری پێشوی دادی ئایسلەنداو ئەندامی وهفدهكه كاتێك گهیشتوهته ڕۆژئاوا وتویهتى،
"گروپەکەمان لەچەندین پسپۆڕی بواری پزیشکیو یاسایی پێکهاتوە، ئەوەی بۆ من
گرنگە، بینینی ئەو بارودۆخە سەختەیە کە گەلی ئەم ناوچەیەی تێدایە".
ئاماژەی بەوەشدا،
ئەوان دەیانەوێت لەنزیکەوە گوێبیستی شایهتحاڵانو قوربانیانی پهلامارهكان بن بۆ
ئەوەی وێنەیەکی ڕاستەقینەی ڕەوشەکە بگوازنەوە.
یۆناسن لەمیانی
دیدارەکانیاندا لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری کۆمەڵایەتی لەجزیرە، ئاماژەی بەدژایەتییەکی
قووڵ کرد لەهەڵسوکەوتەکانی حکومەتی دیمەشق، ئەو وتى، "لەکاتێکدا قسە لەسەر یەکگرتنەوە
دەکرێت، بەڵام لەواقیعدا گەمارۆیەکی توند لەسەر کۆبانێ بەردەوامەو کێشەی قووڵ لەبواری
دادپەروەریدا هەیە".
بڕیاروایه لەکۆتایی
سەردانەکەیاندا، ئەم وهفده نێودەوڵەتییە
ڕاپۆرتێکی ورد سهبارهت بهپێشێلکارییە مەیدانییەکانو هێرشە چەکدارییەکانو ڕەوشی
مرۆییو کاریگەری گەمارۆکان لەسەر خەڵکی ناوچەکەو ئاستی دادپەروەرییو کارکردنی
دامەزراوە یاساییەکان بڵاوبکەنەوە، چونكه وهكو زانراوه، ئهو ڕاپۆرتە دەبێتە بەڵگەیەکی
گرنگ بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵکی ڕۆژئاوا بەناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەوروپاو ڕێکخراوە
نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ.
