شارپرێس:
دەرچونی مەرسومی
لێبوردنی گشتیی لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریاوه، تەنها بڕیارێکی یاسایی نەبوو،
بەڵکو تەقینەوەیەک بوو لەناوەندی سیاسییو یاسایی سوریادا، ئەو هەنگاوە جارێکی دیكه
پەردەی لەسەر قەیرانێکی قووڵتر لادا، ئهویش کەلێنی گەورەی یاساییو پەککەوتنی پەرلەمان
دوای زیاتر لەساڵێک لەڕوخانی ڕژێمهكهى بهشار ئەسەد.
مەرسومێک لەکاتێکی
هەستیاردا
لەکاتێکدا کە دەبێت
دەسەڵاتی یاسادانان خەریکی داڕشتنەوەی دەستورو یاساکان بێت، مەرسومەکەی شەرع هاتە
کایەوە بۆ ئەوەی پرسیارێکی جەوهەریی بوروژێنێت ئهویش، لەغیابی پەرلەماندا کێ مافی
دەرکردنی یاسای هەیە؟ ڕەخنەگرانی دەسەڵاتی سوریا دەڵێن، ئەمە پێشێلكردنى دەسەڵاتەکانەو
هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی ناوەندێتی بڕیار، نەک بونیادنانی سیستەمێکی هاوبەش.
پەرلەمان؛ لەنێوان
نۆژەنکردنەوەی بیناو ڕێککەوتنی سیاسیی
سەرەڕای ئەوەی لەکانونی
یەکەمی ساڵی ڕابردوو 119 ئەندام لەکۆی 210 ئەندام هەڵبژێردران، بەڵام تائێستا پەرلەمان
کۆنەبوەتەوە، بیانوە فەرمییەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی بینای پەرلەمان دەگەڕێندرێنەوە،
بەڵام لەپشت پەردەوە دەنگۆی ئەوە هەیە کە دەسەڵاتی سوریا چاوەڕێی ئەنجامی دانوستانەکان
دەکات لەگەڵ لایەنە مەیدانییەکان بۆ پڕکردنەوەی کورسییە چۆڵەکان، ئەو دواکەوتنەش نیشانەی
ئەوەیە کە بەرژەوەندییە سیاسییەکان پێش شەرعییەتی دامەزراوەیی کەوتون.
هۆشدارییە یاساییەکان:
مهترسی لهسهر داهاتوو
یاساناسان هۆشداریدەدەن،
ڕاگەیاندنی دەستوریی مافی دەرکردنی لێبوردنی گشتیی بەدەسەڵاتی جێبەجێکردن (سەرۆک)
نەداوە، بەبڕوای ئەوان، بەردەوامیی ئەو بۆشاییە دەبێتە هۆی لاوازکردنی متمانەی خەڵک
بەپرۆسەی گواستنەوەی سیاسییو جهختدهكهنهوه، وڵاتیش پێویستی بەپێداچونەوەی سەدان
یاسای کۆن هەیە کە ناتوانرێت تەنها بەفەرمانی سەرۆکایەتی چارەسەربکرێن، لهگهڵ ئهوهش
بۆشایی یاسایی ڕێگرە لەبەردەم ڕاکێشانی وەبەرهێنانو سەقامگیریی ئابوریی.
تاقیکردنەوەیەک
بۆ سوریای نوێ
لەنێوان پاساوەکانی
دەسەڵاتی سوریا بۆ پێویستیی قۆناغەکەو هۆشدارییەکانی ڕەخنەگران، سوریا لەبەردەم
تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە، ئهویش ئهوهیه، ئایا ئەحمەد شەرع دەتوانێت هاوسەنگیی
لەنێوان دەسەڵاتەکاندا ڕابگرێت، یان سوریای نوێ دوبارە دەکەوێتەوە ناو داوی تاکڕەوی
لەبڕیار؟
