ئەوروپا بێدەنگی شکاندو هۆشداریى له‌باره‌ى ڕێكه‌وتنى هه‌سه‌ده‌و دیمه‌شقه‌وه‌ ده‌دات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5859 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەنوێترین لێدوانیدا سەبارەت بەقەیرانی سوریا، کایا کالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، هۆشداریدا لەناسکیی دۆخی ئەمنی‌و جەختی لەسەر پێویستیی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەپرۆسەی سیاسی وڵاتەکەدا کردەوە.


کایا کالاس لەپەراوێزی کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، "ئەو ڕێککەوتنانەی ئێستا بۆ ڕاگرتنی شەڕ هەن، بەتایبەت ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و دەسەڵاتی دیمەشق، هێزی پێویستیان تێدانییە بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی، دۆخەکە زۆر ناسکه‌و پێویستی بەچاودێرییەکی وردی نێودەوڵەتی هەیە".

بەرپرسە باڵاکەی ئەوروپا تەنها ئاماژەی بەکێشەکان نەکرد، بەڵکو ڕێگەچارەی یەکێتیی ئەوروپای بۆ سوریای نوێ لەسێ خاڵدا کۆکردەوە، ئه‌وانیش پێکهێنانی دەسەڵاتێک کە هیچ لایەن‌و پێکهاتەیەک پەراوێزنەخات، تێپەڕاندنی قۆناغی شەڕو دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە لەنێوان هەموو نەتەوەو ئایینەکان‌و بڕوای تەواوی یەکێتی ئەوروپایش ئەوەیە کە داهاتوی سوریا دەبێت لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی هەموو ڕۆڵەکانی بێت".

هه‌ر لەلێدوانەکه‌یدا، کالاس وتى، "یەکێتی ئەوروپا لەئێستادا خەریکی هەڵسەنگاندنی ناوخۆییە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق، ئەم هەنگاوە بەمەبەستی دۆزینەوەی کاتێکی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردولا، کە ڕەنگە وەک وەرچەرخانێکی دیپلۆماسی لەمامەڵەی ئەوروپا بەرامبەر سوریا هەژماربکرێت".

یەکێتی ئەوروپا پەیامێکی ڕونی نارد بۆ دیمه‌شق‌و جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئاشتییەکی بەردەوام تەنها بەچەک نایەتەدی، بەڵکو بەحکومەتێکی دادپەروەرو بێبەشنەکردنی هیچ پێکهاتەیەک دەبێت، بەڵێنیشمانداوه‌ بەردەوامده‌بین لەپاڵپشتیکردنی هەر هەوڵێک کە سوریا بەرەو سەقامگیرییەکی هەمیشەیی ببات".