شارپرێس:
لەژێر سایەی دەسەڵاتی
سەربازی تورکیاو باڵادەستیی گروپە توندڕەوەکان، شاری سەرێکانی لهڕۆژئاواى
كوردستان جارێکی دیكه بوەوە بەگۆڕەپانی خوێنڕشتن، ئەو پێکدادانە چەکدارییانەی دوێنێ
بازاڕی گشتیی شاریان هەژاند، تەنها ململانێیەکی کاتی نەبون، بەڵکو دەمامکیان لەسەر
ئەو واقیعە تاڵە لادا کە ساڵانێکە ئەو ناوچانەی پێوە دەناڵێنێت.
گروپە توندڕەوەکانو
یاسای جەنگەڵ لەناوشاردا
بهگوێرهى زانیارییەکان،
ئەو لایەنانەی تێوەگلاون لەشەڕەکەی ناو بازاڕ، ئەو گروپە چەکدارە توندڕەوانەن کە وەک
بەشێک لە"سوپای نیشتمانی" ناسێنراون، بەڵام لەواقیعدا وەک میلیشیای خاوەن
ئایدۆلۆژیای توندڕەو ڕەفتار دەکەن، ئەو گروپانە کە مێژویەکی ڕەشیان لەپێشێلکاریی مافی
مرۆڤ هەیە، شارەکەیان کردوە بەناوچەی دابەشکراوی نێوان خۆیان بۆ قاچاخچێتیو سەرانە
سەندنو هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانیان یەکدەبڕێت، چەکەکانیان ڕوو لەجەستەی یەکترییو
هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەن.
ڕۆڵی تورکیا؛ بێدەنگی
یان چاوپۆشی؟
ئەم ئاڵۆزییانە
لەکاتێکدایە کە شاری سەرێکانی لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی سوپای تورکیادایە، سەرەڕای
بونی بنکەو بارەگای سەربازیی تورکیا لەدەوروبەری شارەکە، بەڵام وادیارە هیچ ئیرادەیەک
نییە بۆ ڕاگرتنی ئەم فەوزایە، چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن، تورکیا بەئەنقەست ڕێگە بەو
گروپە توندڕەوانە دەدات بۆ ئەوەی دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕنو ترسو دڵەڕاوکێ لەناو
خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەدا بچێنن، تا ناچاریان بکەن ماڵو حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
سوتانی ماڵان؛ پەیامێکی
ترسناک
ئاگرکەوتنەوە لەماڵەکان
لەکاتی شەڕەکەدا، تەنها زیانی لاوەکی نەبوو، بەڵکو پەیامێکی ڕونی گروپە توندڕەوەکان
بوو بۆ خەڵکی سڤیل، بەکارهێنانی چەکی قورس لەناو گەڕەکەكانى نیشتەجێبونو سوتانی
خانوبەرەی هاوڵاتیان، دەریدەخات کە ژیانی مەدەنییەکان هیچ بەهایەکی نییە لای ئەو هێزانەی
کە تورکیا وەک پارێزەر وێنایان دەکات.
چاودێران جهختدهكهنهوه،
ئەمڕۆ سەرێکانی لەژێر سێبەری ئاڵای تورکیادا، لەشارێکی ئارامەوە گۆڕاوە بۆ مۆڵگەی
گروپە توندڕەوەکان کە تەنها زمانێک بیزانن زمانی چەکو ئاگرە، تائەوکاتەی تورکیا بەرپرسیارێتی
یاساییو ئەخلاقی خۆی وەک هێزێکی دەسەڵاتدار جێبەجێنەکات، ئەو زنجیرە توندوتیژییە
بەردەوامدەبێتو خەڵکی بێتاوان باجەکەی دەدەن.
گروپهكان كێنو
كێ فهرمانیان پێدهكات؟
شارپرێس بهدواداچونى
وردى كرد لهبارهى ئهوهى ئاخۆ چهند گروپى چهكدار بهناوى دهوڵهت لهشارى سهرێكانى
ڕۆژئاواى كوردستان دهسهڵاتو گروپى چهكداریان ههیه، لهوبارهیهوه سهرچاوهیهك
لهڕۆژئاواى كوردستانهوه زانیاریى وردى ئاشكراكردو وتى، "پێنج گروپى توندڕهوى
چهكدار خاوهن دهسهڵاتو نفوزن لهوشاره".
بهوتهى سهرچاوهكه،
"سهرجهم ئەو گروپە چهكدارانه تائێستاش بهناوى سوپای نیشتمانیی سوریاو بهپشتیوانی
ڕاستەوخۆی تورکیا لەناوچەی سەرێکانیو گرێ سپی باڵادەستن".
فەیلەقی سێیهم
(فیلق الثالث)
ئەمە یەکێکە لەگەورەترین
پێکهاتەکانو گروپی (الجبهه الشامیه ـ بەرەی شامییە) تێیدا باڵادەستە، ئەو گروپە
هەژمونێکی زۆری بەسەر ناوەندە ئیدارییەکانی ناوشارەکەدا هەیە.
فیرقەی حەمزە
(فرقه الحمزه - الحمزات)
ئەو گروپە بەوە
ناسراون کە پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان لەگەڵ سوپای تورکیادا هەیە، زۆرجار ناویان لەڕاپۆرتە
نێودەوڵەتییەکاندا دێت بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ماڵو موڵکی هاوڵاتیانی کوردو مەسیحی
لەناوچەکە.
فیرقەی سوڵتان
موراد (فرقه السلطان مراد)
ئەو گروپەش زۆرینەیان
لەتورکمانەکانی سوریانو لەلایەن تورکیاوە پشتگیرییەکی بێسنور دەکرێن، زۆرجار کێشەو
شەڕی چەکدارییان لەگەڵ گروپە "عەرەبەکان" دەبێت لەسەر دابەشکردنی دەستکەوتو
خاڵە سنورییەکان.
ئەحرار ئەلشەرقییە
(أحرار الشرقیه)
وهكو سهرچاوهكهى
ڕۆژئاواى كوردستان بۆ شارپرێس زانیاریى ئاشكراكرد، ئهحرار شهرقیه توندڕەوترین
گروپی ناوچەکەیەو زۆربەی ئەندامەکانی خەڵکی دێرەزورو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریان،
ئەو گروپە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە زۆرێک لەئەندامانی پێشوی داعشیان لەڕیزەکانی خۆیاندا
حەشارداوە، ئەوان بەرپرسیاری سەرەکین لەتیرۆرکردنی سیاسەتمەداری کورد (هەڤرین خەڵەف).
سوپای ئیسلام (جیش
الإسلام)
ئهوانهش
پاشماوەی ئەو گروپانەی کە لە(غوتەی ڕۆژهەڵات) لەنزیك دیمەشق پاشەکشەیانکرد، لەئێستادا
لەسەرێکانیو دەوروبەری جێگیرنو خاوەن ئایدۆلۆژیایەکی ئایینی توندڕەون.
كێشه سهرهكیهكه
چییه؟
وهكو سهرچاوهكهى
شارپرێس لهڕۆژئاواى كوردستانهوه ئاشكرایكرد، بڕبڕەی پشتی فەیلەقى سێیهم گروپی
بەرەی شامیەیە، ئەو گروپە نفوزێکی زۆری هەیەو زۆرجار وەک ڕکابەری سەرەکی گروپەکانی
وەک (فیرقەی حەمزەو سوڵتان موراد) دەردەکەوێت.
بهوتهى سهرچاوهكه،
زۆربەی ئەو پێکدادانە چەکدارییانەی کە لەناوشارەکاندا ڕودەدەن، لەنێوان چەکدارانی
ئەو فەیلەقەو گروپەکانی وەک فیرقەی حەمزە یان ئەحرار ئەلشەرقییەدایە، زیاتر لەسەر
کۆنترۆڵکردنی خاڵەكانى پشکنین، سەرانەسەندن لەخەڵکو بازرگانەکانو دەستبەسەرداگرتنی
ئەو موڵکو ماڵانەی کە هی ئاوارەکانن، سهرجهمیشیان لهلایهن دهزگاى ههواڵگرى
توركیا (میت)هوه سهرپهرشتیدهكرێنو فهرمانیان پێدهكرێت.
