شارپرێس:
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەستی کردوە بەجێبەجێکردنی هەنگاوەکانی کشانەوە لەچەند پێگەیەکی سەربازیی سەرەکی لەسوریا، ئەمەش جووڵەیەکە کە پرسیار دەربارەی ڕەهەند و کاتی بڕیارەکە دروست دەکات، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامیی چالاکییەکانی ڕێکخراوی داعش لەڕۆژهەڵاتی وڵاتدا.
لەنێوان نیشانەکانی کەمکردنەوەی بونی سەربازیی و دوبارە بڵاوەپێکردنەوە، ئاڕاستەی بڕیارە ئەمریکییەکە بۆ چەند ئەگەرێک کراوەیە.
سەرچاوە میدیاییەکان باسیان لەچۆڵکردنی بنکەی تەنەف لەسێگۆشەی سنوری سوریاو ئوردن و عێراق و ڕادەستکردنی بەهێزە سورییەکان کردوە، جگە لەدەستپێکردنی هەڵوەشاندنەوەو گواستنەوەی کەلوپەل لەبنکەی قەسرەک لەگوندەواری حەسەکە کە یەکێکە لەگەورەترین ناوەندەکانی ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا لەسوریا.
لەبەرامبەردا، زانیارییەکان ئاماژە بەئەگەری هێشتنەوەی بونێکی سنوردار لەڕومەیلان لەڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوەی ڕودەدات دوبارە بڵاوەپێکردنەوەیەکی قۆناغبەندییە نەک کشانەوەیەکی تەواوەتی.
بونی ئەمریکا لەتەنەف و حەسەکەو دێرزور چڕ ببوەوە بەئامانجی پشتگیریکردنی بەرەنگاربونەوەی داعش، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی کشانەوەی لەم کاتەی ئێستا.
ئەم هەنگاوە وەک "گواستنەوەیەکی مەرجداری بارودۆخەکان" وەسف کراوە، هاوکات لەگەڵ گۆڕانی مەیدانی و فراوانبوونی دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بەسەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع کە پابەندیی خۆی بۆ شەڕی داعش ڕاگەیاندووە، هەرچەندە هێرشەکانی ئەو ڕێکخراوە لە دێرزورو ڕەققە هێشتا وەک تەحەددییەکی گەورە ماونەتەوە.
