سەرەتای قۆناغێكی نوێ بۆ كورد ڕاگەیەندرا

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2626 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ڕاگەیاندنی پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان، وتەبێژی دەمپارتی ڕایگەیاند، پێویستە حكومەتی توركیا هەنگاوی کردەیی بنێت و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بەبانگەوازەکەی ئۆجەلان هەیەو دەشڵێت،" ئەمە سەرەتای قۆناغێكی نوێیە بۆ كورد".


ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان(دەمپارتی) ڕایگەیاند،چاوەڕێی هەنگاوی یاسایی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دەکەین و هەروەها پێویستە بەرپرسانی تورکیا هەنگاوی یاسایی بگرنەبەر".

جەختیشی كردەوە، ئەم بانگەوازە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە کۆمەڵگەی تورکیاو ڕۆژهەڵاتی ناوەراست پێویستی بەم بانگەوازە هەیە، هەروەها پێشنیازێکی چارەسەری لەبانگەوازەکەدا هەیە، دوای بانگەوازەی یەکەمی ئۆجەلان، پەکەکە هەنگاوی باشی ناوە، چەکدانانی پەکەکە و خۆ هەڵوەشاندنەوەی لەدوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری تاکتیکی نین، بەڵکوو ستراتیژین.

وتیشی، هەنگاوی یەکەم پەکەکە چەکی دانا، بەڵام هەنگاوی دوەم دەستپێدەکات، کە هەنگاوی یاساییە لەلایەن دەوڵەتەوە، هەر لەپەیامەکەی ئۆجەلان ڕونکراوەتەوە کە پرۆسەکە تەنیا بە لایەنێک ناکرێت، چاوەڕێین قۆناغێکی نوێ دەستپێبکات.

وتەبێژی دەمپارتی ئاماژەی بەوە دا، دەمانەوێت پرۆسەکە بەئامانج بگات و سەربکەوێت، ئەو میکانیزمانەی پێویستن دەبێت حکومەت بیانگرێتەبەر، نەک لەرێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە باس بکرێت، دەبێت بابەت و کاری سەرەکی وەزیری داد سەرخستنی پرۆسەکە بێت و هەنگاوی کردەیی بنرێت و چەک دانانی پەکەکە بەردەوام بێت و نەوەستێت.

هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو کەسانەی چەکەکانیان داناوە، دەبێت دەرچەیەکی یاسایی دابنرێت بۆ ئەوەی بتوانن بە ئازادی و بەبێ گرفت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

ئەمە لەكاتێكدایە، عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان پەکەکە، ئەمڕۆ هەینی، پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تورک بەبێ کورد، کوردیش بەبێ تورک نابن، ئەم دیالەکتیکی پەیوەندییە خاوەن کارەکتەرێکی مێژویی ڕەسەنە، نووسینە بنەڕەتییەکانی سەردەمی دامەزراندنی کۆمار، یەکێتیی تورک و کوردیان نیشان دەدا.