شارپرێس:
بۆرگێ برێندێ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لەپۆستی سەرۆکی جێبهجێكاری کۆڕبەندی ئابوری جیهانی داڤۆس ڕاگەیاند، دوای ئەوەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ تاوانباری بازرگانی سێکسی جێفری ئیپستین ئاشکرابوو.
بۆرگێ برێندێ كه وەزیری پێشوتری دەرەوەی وڵاتی نەرویجیشه لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "دوای بڵاوبونهوهی دهنگۆیهكان لهسهرم لهكهیسی ئیپستین وهكو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆڕبەندی ئابوری جیهانی داڤۆس دەستلەکاردهكێشمهوه".
برێندێ ماوەی هەشت ساڵەو نیوەکەی وەک بهڕێوهبهری كۆڕبهندی ئابوری جیهانی داڤۆس بەزۆر بەرهەمدار وهسفكرد، ئاماژەی بەوەشکرد، پێیوایە، کاتی ئەوەهاتوە، کۆڕبەندەکە درێژە بەکارە گرنگەکانی بدات دور لەئهو.
کۆڕبەندی ئابوریی جیهانی سەرەتای ئەم مانگە ڕایگەیاند، پێداچونەوەی سەربەخۆو بێلایهنانه بەپەیوەندییەکانی بریندێ لەگەڵ ئیپستین ئەنجامدەدات، دوای ئەوەی ناوی لەبەڵگەنامەی پەیوەست بهكهیسی ئابڕوبهرانهی جێفری ئیپستیندا هاتو بهڵگهنامهكان لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە بڵاوکرایهوه.
دامەزراوهی ئابوری جیهانی داڤۆس پێزانینی قووڵی خۆی بۆ بەشدارییە بەنرخەکانی بۆرگێ برێندێ لەکۆڕبەندی ئابوری جیهانی دەربڕییو ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێمە ڕێز لەبڕیارەکەی دەگرین بۆ دەستلەکارکێشانەوەی".
لای خۆیهوه، کۆڕبەندی ئابوری جیهانی دەستنیشانکردنی ئالۆیس زوینگی وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کاتی ڕاگەیاند، تائەوکاتەی دەستەی کارگێڕیی بەدوای جێنشینێکی هەمیشەیی برێندێدا دەگەڕێت.
جێفری ئیپستین لەساڵی 2008 دانی بەتاوانەکەیدانا کە بازرگانی سێکسی بهمنداڵان كردوهو بهو هۆیهوه سزای 18 مانگی بەسەرداسەپێنرا، تا لەساڵی 2019 لەزیندان کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
