شارپرێس:
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات مەسەدە، پێشوازی لەئاڵوگۆڕی دیلەکان لەنێوان حکومەتی دیمەشق و پاسەوانی نیشتمانیی لەسوەیدا دەکات و هۆشداریش دەدات و دەڵێت،" ئەوە هەوڵێکی نوێە بۆ هاوبەشی و سازانی نیشتیمانیە و پێویستە بەردەوام بێت".
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لەڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بەئاڵوگۆرۆکردنی دیلەکان لەنێوان حکومەتی دیمەشق و پاسەوانی نیشتمانیی لەسوەیدا دەڵێت،" پێویستە ئەم کارە تەنیا بۆ ناوچەیەکی دیارییکراو نەبێت، بەڵکو هەموو جوگرافیای سوریا بگرێتەوە، بەتایبەت ئەو دیلانەی لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە و هێزە ئەمنییەکانی سەر بەحکومەتی سوریا هەن، لەپرۆسەیەکی شەفافدا ئاڵوگۆڕ بکرێن".
ئەنجومەنەکە باسی لەوەشکردوە، چارەسەری دۆسیەی دیل و دەستبەسەرەکان کارێکی لە ێشینەی نیشتمانییە و دەبێتە هۆی پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و هەوڵێکی نوێیە بۆ هاوبەشی و سازانی نیشتمانی.
ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی سوریا 61 دیلی پاسەوانی نیشتمانیی دروزەکانی ئازادکردو پاسەوانی نیشتمانیی دروزەکانیش 25 دیلی هێزە ئەمنییەکانی سوریایان ئازاد کرد، کە لەشەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردولا لەهاوینی ڕابردوو دەستگیرکرابون.