وڵاتان داوا لەهاوڵاتییەكانیان دەكەن ئێران جێبهێڵن.. چەندین گەشت هەڵوەشێنرانەوە

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1543 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیتاڵیاو بەریتانیا داوا لەهاوڵاتییەكانیان دەكەن، خاكی ئێران جێبهێڵن، هاوكات هۆشداریش دەدەن كە گەشت بۆ وڵاتانی دراوسێی نەكەن لەناویشیاندا عێراق.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا کە سەبارەت بەدۆخی ناوچەکە بڵاویکردوەتەوە، هۆشداریی دراوەتە هاوڵاتییەكانی لەو وڵاتەو دەڵێت،"داوا لەهاوڵاتییانمان دەکەین ئێران جێبهێڵن".
 
لەبارەی گەشتکردنیش بۆ عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا ڕایگەیاندوە،"رێنمایی دەدەینە هاوڵاتییانمان گەشت بۆ عێراق و ئەو وڵاتانەی دیكەش نەكەن كە دراوسێی ئێرانن".
 
هاوكات، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، كە بەریتانیا داوای لەکارمەندانی باڵۆزخانەکەی لەئێرانکرد وڵاتەکە بەشێوەیەکی کاتی بەجێبهێڵن و دەشڵێت،" هۆکارەکەی بارودۆخی ئەمنییە"، داواش لەهاوڵاتیانی دەكات وڵاتەكە بۆ ماوەیەكی كاتی جێبهێڵن.

لەلایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا بەشێوەیەکی زۆر توندتر هۆشداری داوەو لەسێ پەیامی جیادا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، داوای لەهاوڵاتییانی کرد بەپەلە ئێران، ئیسرائیل و لوبنان جێبهێڵن.

وەزارەتەکە هۆشداری داوە، دۆخی ئەمنی ناجێگیرەو مەترسیی پەرەسەندنی گرژییەکان زۆر بەرزە، ئەگەری هەیە ئاسمانی ناوچەکە بەڕوی فڕۆکە مەدەنییەکاندا دابخرێت، کە ئەوەش گەڕانەوەتان مەحاڵ یان زۆر ئەستەم دەکات.

هەروەها، هەر ئەمشەو، فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ بڵاویکردەوە، گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکیا (تورکیش ئێیەرلاینز) و دوو کۆمپانیای ئێرانی بۆ تاران هەڵوەشێندراونەتەوە. جگە لەگەشتەکانی ئەمشەو، چوار گەشتی دیکە بۆ پایتەختی ئێران کە بڕیاربوو ڕۆژی شەممە بکرێن هەڵوەشێندراونەتەوە، هەرچەندە شەش گەشتی دیکە هێشتا لەخشتەی فڕیندا ماون.
 
ئەمە لەكاتێكدایە، ڕۆژی پێنجشەممە، گەڕی سێیەمی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن بەڕێوەچوو، لەدوایین هەڵوێستیشدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وتی، بەئاراستەی دانوستاندنەکانی ئێران دڵخۆش نییە.