چوار کامپ و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان کرانە ئامانج

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 655 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستان ـ عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی رایدەگەیەنێت، چوار کامپ و بارەگای حزبە بەرهەڵستکارە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجگیران و قوربانی هەیە.


کامەران عوسمان لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت،" لە کاتژمێر ٧:٣٠ خولەک بۆ ٨:١٠ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێکەی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردە سەر چوار بارەگا و کامپی حزبە چەکدارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ".

ئەوەشیخستەڕوو،" موشەکێک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بەر بارەگای حزبەکانی کۆمەڵە لە گوندی زڕگوێزەڵەی سەر بە ناحیەی تانجەڕۆ لە پارێزگای سلێمانی کەوتون و بە هۆی ئەم هێرشەوە کەسێک برینداربوە".

هاوکات، ئەو ئەندامەی تیمی کوردستان ـ عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی باسی لەوەکرد،" فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە ئاراستەی کامپی «زەوییە سپی»ی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە قەزای کۆیە کرابوو، بەر لە پێکانی ئامانجەکەی تەقێندرایەوە و خرایە خوارەوە ".

بەپێی وتەی کامەران عوسمان، ژمارەیەک موشەکیش کە ئاراستەی بارەگای پارتی ئازادی کوردستان «پاک» لە ناحیەی پردێ کرابوون، خرانە خوارەوە.
لەلایەکی دیکەوە، فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانی خۆکوژیش کە ئاراستەی کامپی «بین المللی» حزبەکانی کۆمەڵە لە سورداش کرابوو، لە ئاسمانەوە خراوەتە خوارەوە و هیچ ئامانجێکی نەپێکاوە.