دوو وڵاتی زلهێز پاڵپشتی ئێران دەكەن و هێرشەكەی ئەمریكاو ئیسرائیل سەركۆنە دەكەن

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6163 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا سەرکۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کارە "پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای ئەخلاق و یاسا نێودەوڵەتییەکانە"، هاوكات، کۆریای باکور هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەنایاسایی و چەتەگەرانە ناودەبات.

هەر ئەمڕۆش، پوتین لەنامەیەکدا کە بۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانی ناردوە، ئەوپەڕی سەرەخۆشی خۆی بۆ کوژرانی خامنەیی دەربڕیوەو ڕایگەیاندوە، ئەم کردەوەیە پێشێلکردنی هەموو پێوەرە ئەخلاقییە مرۆییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە."

هاوكات، وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکور لەڕاگەیەندراوێکدا، کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئەو وڵاتە (KCNA) بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە دەکرێنە سەر ئێران دەستدرێژییەکی نایاسایین و قێزەونترین جۆری پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیین".

پیۆنگیانگ دەڵێت، ئەم کردە سەربازییانە رەفتارە بێشەرمانە و چەتەگەرانەکانی ئەو دوو هاوپەیمانە نیشان دەدات کە هێزی سەربازی بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی خۆپەرستانە و ویستی هەژموونخوازیی خۆیان بەکاردەهێنن".
 
ئەمە لەكاتێكدایە، لەساڵی 2025دا ڕوسیاو ئێران پەیماننامەیەکی هاوبەشی ستراتیژییان واژۆ کرد بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان، بەتایبەتی لەبوارە سەربازییەکاندا.
هاوكات، کۆریای باکورو ئەمریکا مێژویەکی درێژی پڕ لەنەیارییان هەیە، بەڵام واشنتن لەمانگەکانی ڕابردودا هەوڵەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئاستبەرز لەگەڵ پیۆنگیانگ چڕکردوەتەوە.