شارپرێس:
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دوای قسەكردنم لەگەڵ سەركردایەتی نوێی ئێران، سێ بژاردەم بۆ دەسەڵاتی نوی لەتاران هەیە، جەختیش دەكاتەوە، كە"ئەگەر سەرکردایەتییەکی نوێ و پراگماتی بێتە سەر کار، ئامادەیە سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لەچاوپێكەوتنێكدا، لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ڕایگەیاند، بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل قورس نابێت کە پەرە بەهێرشەکانیان بدەن و وتی،"تەقەمەنییەکی یەکجار زۆرمان لەهەموو جیهان و لەوڵاتە جیاوازەکاندا هەیە."
سەبارەت بەداهاتووی سیاسیی ئێران دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، ترەمپ چەند سیناریۆیەکی خستەڕو؛ یەکێکیان لاساییکردنەوەی مۆدێلی ڤەنزوێلایە، کە تێیدا تەنیا سەرکردە باڵاکان لادەبرێن و دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت دەمێننەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ واشنتن کار بکەن. ترەمپ وتیشی،"ئەوەی لەڤەنزوێلا کردمان، سیناریۆیەکی بێوێنەو تەواو بوو".
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، سێ بژاردەی زۆر باشی لەبەردەستە بۆ سەرکردایەتیی نوێی ئێران، بەڵام ئامادە نەبوو ناوەڕۆکەکانیان ئاشکرا بکات و وتی،"با سەرەتا کارەکە تەواو بکەین."
ترەمپ هیواشی خواست سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی ئێران چەکەکانیان ڕادەستی گەل بکەن و وتویەتی، "ڕاستییەکەی ئەوان خۆیان ڕادەستی خەڵک دەکەن". هەروەها ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر سەرکردایەتییەکی نوێ و پراگماتی بێتە سەر کار، ئامادەیە سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە دوای كوژرانی خامنەیی، عەلی لاریجانی، بەرپرسی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند، لیژنەیەکی کاتی وڵاتەکە بەڕێوەدەبەن تاوەکو جێگرەوەیەک بۆ رێبەری باڵا دیاری دەکرێت.