شارپرێس:
ئەمریکاو شەش وڵاتی عەرەبی هۆشداری توند لەهێرشەكانی سەر هەولێر دەدەن و سەرکۆنەی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە دەکەن و دەڵێن،" ئەو هێرشانە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە.
نوسینگەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی هەریەک لەئەمریکا، بەحرەین، ئوردن، کوێت، قەتەر، سعودیەو ئیماراتی بڵاوکردەوە، كەتێیدا هاتوە، ئەو هێرشە موشەکی و درۆنییانەی ئێران هەڕەمەکی و بێباکانە بون و خاکی چەندین دەوڵەتی خاوەن سەروەرییان کردوەتە ئامانج.
وەکو لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، هەریەك لەو وڵاتانە بەتوندی سەرکۆنەی هێرشە موشەکی و درۆنییە هەڕەمەکی و بێباکانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن بۆ سەر خاکە خاوەن سەروەرییەکانی ناوچەکە، لەوانە بەحرەین، عێراق، بەهەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە، ئوردن، کوێت، عومان، قەتەر، سعودیە و ئیماراتی عەرەبی."
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە "ئەم هێرشە بێ پاساوانە ژیانی هاوڵاتیانی سڤیلیان خستوەتە مەترسییەوە و زیانیان بە ژێرخانی سڤیل گەیاندوە."
ئەو حەوت وڵاتە هۆشداری دەدەن لەوەی رەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی پەرەسەندنێکی مەترسیدارەو دەڵێن، "بە ئامانجگرتنی سڤیلەکان و ئەو وڵاتانەی کە تێوەنەگلاون لە ململانێکان، رەفتارێکی سەرکێشانە و تێکدەری سەقامگیرییە."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەو وڵاتانە جەخت لەیەکدەنگیی خۆیان دەکەنەوە و ئاماژەبەوەدەدەن، كە"ئێمە بەیەکگرتوویی دەبین بۆ بەرگریکردن لەهاوڵاتیان، سەروەری و خاکمان؛ دوپاتی مافی خۆمان بۆ بەرگری لەخۆکردن دەکەینەوە لەبەرامبەر ئەم هێرشانەدا."
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەمریکاو هاوپەیمانە عەرەبەکانی پابەندیی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دوپات کردوەتەوەو دەستخۆشییان لەهاوئاهەنگییە کاریگەرەکانی بەرگریی ئاسمانی و موشەکی کردوە، کە توانیویانە رێگری لەزیانی گیانی و وێرانیی گەورەتر بکەن.
