شارپرێس:
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، چەند بنکە و بارەگایەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەپارێزگای نەینەواو ئەنبارو موسڵ لەلایەن فڕۆکەی نەناسراوەوە کرانە ئامانج و کوژراو و بریندار هەیە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان (شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی)، لەکاتژمێر 6:10ـی ئێوارە، بارەگای لیوای 40ـی سەر بەدەستەی حەشدی شەعبی و فەوجی 33ـی حەشد لەسنوری پارێزگای نەینەوا ڕوبەڕوی بۆردومانی ئاسمانی بونەتەوە.
لەبەیاننامەکەدا هاتوە،" ئەم دەستدرێژییە ئاسمانییانە بونە هۆی کوژرانی چەکدارێکی حەشدی شەعبی و برینداربونی 3 کەسی دیکە، جگە لەزیانی ماددی زۆر کە وەک زانیاری سەرەتایی تۆمار کراون."
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەش کردووە، لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە بەردەوامەو لەکاتێکی دیکەدا وردەکاری زیاتر بۆ رای گشتی بڵاو دەکەنەوە.