شارپرێس:
لەمێژوی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، کەم سەرکردە هەبوە وەک دۆناڵد ترەمپ بەو خێراییە لێدوانە ستراتیژییەکانی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەی لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا بەرامبەر کوردانی ڕۆژهەڵات ڕویدا، تەنها گۆڕینی ڕایەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو نمایشێکی ڕونی سیاسەتی میزاجی بوو کە چارەنوسی گەلان دەخاتە مەترسییەوە.
وێستگەی یەکەم: هاندانی شەڕ (کورد وەک سوتەمەنی)
ترەمپ سەرەتا بەزمانی سەوداگەری دەستیپێکرد، کاتێک بەشداریی کوردانی لەشەڕی زەمینی دژی ئێران بەکارێکی "ناوازە" ناوبرد، پەیامێکی ناڕاستەوخۆی بۆ هێزە کوردییەکان نارد کە ئەمریکا چەترێکی پارێزەر دەبێت بۆیان، ئەمە هاندانی هێزێکی سیاسیی بوو بۆ چونە ناو جەنگێکی خوێناوی کە دەکرێت تەواوی ناوچەکە بسوتێنێت.
وێستگەی دوەم: پاشەکشێی سۆزداری (کورد وەک قوربانی)
تەنها چەند کاتژمێرێک دواتر، لەبنکەی دۆڤەر، پهیامهكه 180 پلە گۆڕا، ترەمپ وتی، "نامەوێت کوردەکان بکوژرێن"، ئەم لێدوانە، هەرچەندە لەڕواڵەتدا مرۆیی دەردەکەوێت، بەڵام لەناوەڕۆکدا دوفاقییەکی کوشندەیە؛ چونکە نیشانیدەدات کە واشنتۆن هیچ پلانێکی ستراتیژییو درێژخایەنی بۆ پاراستنی ئەو هاوپەیمانانە نییە کە هانیاندەدات بۆ جەنگ.
ڕەهەندە شاراوەکانی ئەم دوفاقییەى ترهمپ بهرامبهر بهكورد:
بەکارهێنانی تاکتیکی: بۆ ترەمپ، کورد هاوبەشێکی ستراتیژی نییە، بەڵکو کارتی فشارە، هەر کاتێک بییەوێت تاران بترسێنێت، باسی ناوازەیی کورد دەکاتو هەر کاتێک بیەوێت لەبەرپرسیارێتی ڕابکات، باسی خەمخۆریی بۆ ژیانیان دەکات.
بێباکی لەهاوپەیمانی: ئەم شێوازە لەمامەڵە، بیرەوەرییە تاڵەکانی ساڵی 2019 (کشانەوە لەڕۆژئاوای کوردستان) زیندوو دەکاتەوە، ئەمە پەیامێکی ترسناکە کە دەڵێت، "ئەمریکا دەتوانێت لەنیوەی ڕێگهدا بەجێتان بهێڵێت".
سیاسەتی بەرژەوەندیی کاتیی: ترەمپ دەیەوێت بەبێ خەرجکردنی یەک دۆلارو بێ کوژرانی یەک سەربازی ئەمریکی، گەورەترین گورز لەئێران بوەشێنێت، تەنانەت ئەگەر باجەکەی لەناوچونی نەتەوەیەکی دیكهش بێت.
دوفاقییەکەی ترەمپ دەریدەخات کە کورد لەهاوکێشەی ئەمریکا پێش هەموو شتێکدا، تەنها ژمارەیەکی کاتییە، ئەم گۆڕانکارییە خێرایە لەلێدوانەکاندا نەک هەر جێگەی متمانە نییە، بەڵکو زەنگێکی مەترسییە بۆ هێزە کوردییەکان کە نابێت لەسەر بنەمای "تویت"و "لێدوانی سەرپێیی" بڕیارە چارەنوسسازەکانی خۆیان بدەن.
