شارپرێس:
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا پهیامێك ئاراستهى وڵاتانى جیهانو ناوچهكه دهكاتو چەند خاڵێکی ستراتیژییو هەستیار ئاشكرادهكات کە پێویستە لەهەرلایەنێکدا هەبێت پێشئەوەی بچێتە ناو هیچ ململانێیەکی سەربازیی لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل.
فیدان لەچاوپێکەوتنێکدا لهگهڵ تەلەفزیۆنی فەرمی تورکیا (TRT) ڕایگەیاند، "سەردەمی شەڕی تەقلیدی گۆڕاوە بۆ شەڕی تەکنەلۆژیاو زانیاریی، ئەگەر تواناکانتان لەبواری هەواڵگریی سیبرانی، هەواڵگریی ئاماژەکان، هەواڵگریی ئەلیکترۆنی، هەواڵگریی پارێزگاری، وێنەی مانگە دەستکردەکانو چاودێریی ئاسمانی بەرزنەکەیتەوە، ئەوا نەک هەر شەڕ، بەڵکو تەنانەت نابێت دەست بەدەمەقاڵێی سیاسییو وتاریش بکەیت لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیلدا".
فیدان پێیوایە سەردەمی شەڕی تەقلیدی کۆتاییهاتوە، ئەو جەخت لەسەر هەواڵگریی فرە ڕەهەند دەکاتەوە وەک مەرجی سەرەکی، بەبڕوای ئەو، هەر هێزێک بیەوێت خۆی ڕابگرێت، دەبێت لەم بوارانەدا لەلوتکەدابێت، ئهوانیش هەواڵگریی سیبرانیو ئەلیکترۆنی، چاودێری ئاسمانیو وێنەی مانگە دەستکردەکان، پاراستنی زانیارییە ناوخۆییەکان (هەواڵگریی خۆپارێزیی).
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژە بەخاڵێکی مەترسیدار دەکات؛ ئەویش کێشەی دۆزینەوەی شوێنی سەرکردەکانە، لهو ڕوهوه فیدان دەڵێت، "تەنانەت ئەگەر دوژمن شوێنی سەرکردەکانیش بزانێت، ئەگەر تۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانییو ڕاداری سەربەخۆت هەبێت، ناتوانن لێدانەکە جێبەجێبکەن، چونکە ناتوانن لەناو کایەی ئاسمانی تۆدا بمێننەوە".
فیدان بەشانازییەوە باس لەپیشەسازیی بەرگریی وڵاتەکەی دەکاتو دەڵێت، "ئێمە وانەی گەورەمان لەشەڕەکان وەرگرتوە، تورکیا ئێستا نەک تەنها لەڕوی سیاسیی، بەڵکو لەڕوی تەکنەلۆژیای سەربازییو دژە سیخوڕییەوە خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەکردوە".
ئەم قسانەی فیدان تەنها شرۆڤەیەک نین، بەڵکو هۆشدارییەکی ڕاشکاوە بۆ هێزە ناوچەییەکان، لەجیهانی ئەمڕۆدا، شەڕ تەنها ئازایەتی نییە، بەڵکو باڵادەستیی زانیارییو تەکنەلۆژیایە، هەرلایەنێک ئەم مەرجانەی تێدانەبێت، پێش دەستپێکردنی شەڕەکە، دۆڕاوە.
